کەتیبەکانی حیزبوڵڵا: هاوکارییەکان تەنیا بۆ لوبنان بنێرن

 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق رایدەگەیێنێت، پێنج هەفتەیە "جەنگێکی ستەمکارانە" بەسەر ئێراندا سەپێنراوە و هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمز و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە جیهاندا دەکات. هەروەها داوا دەکات ئەو هاوکارییە داراییانەی کۆدەکرێنەوە، تەنیا بۆ لوبنان بنێردرێن.
 
ئەبو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە عێراق، رۆژی دووشەممە 06-04-2026 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی پێنج هەفتە بەسەر ئەو جەنگەی کە بە گوتەی ئەو "لەلایەن ئەمریکا، ئیسرائیل و هەندێک لایەنی عەرەبییەوە" بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، ئێستا "دوژمن هاوسەنگیی خۆی لەدەستداوە" و پەنای بۆ لێدانی نەخۆشخانە، پرد و دامەزراوە مەدەنییەکان بردووە.
 
بە گوتەی حمێداوی بەرەکەیان (بەرەی موقاوەمە) لە پێشڕەویدایە و "دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەرەو داڕمان دەچن". گوتیشی: "ئێستا ئەوان دەستیان بە هانا بردن بۆ لایەنی جیاواز کردووە بۆ ئەوەی ئاگربەست بکرێت و بتوانن پاشماوەکانیان کۆبکەنەوە."
 
سەبارەت بە تەنگەی هورمز، کە ئێران لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە دایخستووە، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا هەڕەشەیەکی تووندی کرد و گوتی: "تەنگەی هورمز بەڕووی دووژمندا ناکرێتەوە، ئەگەر ویستیشیان بە زۆر بیکەنەوە، ئەوا هیچ سەکۆیەکی نەوت و گاز نابیننەوە." راشیگەیاند کە هاوکێشەی ئێستا ئەوەیە: "یان ئاسایش بۆ هەمووان، یان بۆ هیچ کەس."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، حمێداوی باسی لە کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و رایگەیاند: "دوژمنان تێگەیشتن کە کوشتنی خامنەیی هەڵەیەکی گەورە بوو، موجاهیدەکان بێدەنگ نابن تاوەکو سیمای رۆژئاوای ئاسیا و هاوسەنگیی هێز لە جیهاندا نەگۆڕن."
 
ئەبو حوسێن حمێداوی ئاشکرای کرد کە "بەرەی سووریا"ش بە فەرمی چووەتە نێو جەنگەکەوە و هاوشانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، لوبنان و یەمەنی، شەڕ دەکەن. 
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا داوا لە خەڵکی عێراق دەکات بەردەوام بن لە خۆپێشاندان و پشتگیریکردنیان، هەروەها داوا دەکات هاوکارییە داراییەکان کۆبکرێنەوە و تەنیا بۆ لوبنان بنێردرێن.
 
لە دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات، هەندێک هێزی شیعە لە شارەکانی عێراق دەستیان بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئێران و لوبنان کردووە و بۆ ئەم مەبەستە چەند کەمپەینێکیان لە شارە شیعەنشینەکان راگەیاندووە.