بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق: دەکرێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر ئەسیکۆدا رێبکەوین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دەستەی گومرگەکانی عێراق دەڵێ، گفتوگۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنی سیستمی گومرگی ئەسیکۆدا بەردەوامە و ئاماژە بەوە دەکات، هەرچەندە هێشتا هەنگاوی کردەیی نەنراوە، بەڵام ئاسۆی رێککەوتن دیارە.
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 5ی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گفتوگۆمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا بەردەوامە. تاوەکو ئێستا هەنگاوی کردەیی 100٪ نییە، بەڵام هاوئاهەنگی و کۆبوونەوەکان بەردەوامییان هەیە".
سەبارەت بەو هەوڵانە، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق گوتی: "ئەو گفتوگۆیانە بە رێنمایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن."
لەبارەی کاری لیژنە هاوبەشەکان بۆ یەکخستنی سیستمی گومرگی، سامر قاسم گوتی: "لیژنە هاوبەشەکان لە کارەکانیان بەردەوامن. ئاسۆ هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام ئێستا شتێکی کرداری نییە و تەنیا دیدار و کۆبوونەوە بەڕێوەدەچێ."
سیستمی ئەسیکۆدا، سیستمێکی جیهانیی ئەلیکترۆنییە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری گومرگی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەرەی پێدراوە. عێراق ماوەیەکە کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات و دەیەوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش بەیەکەوە کار بەو سیستمە بکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی حکومەت بچێتە بەغدا و لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا گفتوگۆ بکات."
17ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا بە رووداوی گوت: "ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان پێویستە ئێمە رەزامەندییمان دەربڕیوە و رازیش بووین بەوەی کە سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت، بەڵام میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دەبێت بە رێگەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانەوە بێت، ئەمە کاتی دەوێ."