سوودانی: بەهێزکردنی سوپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و پاراستنی سەروەری کاری لەپێشینەمانە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پەرەپێدانی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی دەکات و دەڵێ، بەهێزکردنی توانای سوپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و پاراستنی سەروەریی وڵات، لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی نیسانی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پلانی پەرەپێدانی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی.
 
لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسالاری عێراق و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی وەزارەتی بەرگری و دەستەی پیشەسازیی جەنگی ئامادە بوون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی لە نزیکەوە ئاگاداری رێکار و پلانەکانی پەرەپێدان و نوێکردنەوەی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بووە، هەروەها ئاستی ئامادەیی و مەشق و راهێنانی بەردەوامی ئەو یەکانەی لەو بوارەدا کاردەکەن تاوتوێ کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکاری و پێشهاتە هەرێمییەکان بگونجێن و ئاسایش و سەلامەتیی ئاسمانی عێراق بپارێزرێ.
 
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە "حکومەت بایەخێکی زۆر بە پەرەپێدانی هێزە ئەمنییەکان بە هەموو چین و توێژەکانیانەوە دەدات و هەوڵی بەهێزکردنی توانای شەڕکردن و تەکنیکییان دەدات".
 
محەممەد شیاع سوودانی گوتی: "بەهێزکردنی توانای هێزەکانمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە مەترسی و هەڕەشەیەک و پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق، یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کارنامەی حکومەت و ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق."
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 31ی ئاداری 2026 دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رەزامەندی لەسەر گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی بۆ بەهێزکردنی تواناکانی سوپای عێراق دەربڕی.