سزای لەسێدارەدان بۆ چەکدارێکی داعش دەرکرا کە کچانی کوردی ئێزدیی رفاندبوو

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەندامێکی رێکخراوی داعش دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی سەلمێندرا کە لە چەندین کردەوەی "تیرۆریستی" بەرامبەر هێزە ئەمنییەکان تێوەگلاوە و کچانی کوردی ئێزدی لە ساڵی 2014 رفاندووە. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەو تیرۆریستە لەگەڵ گرووپەکەیدا لە ساڵی 2014 لە قەزای شنگال چەندین تاوانی دڕندانەی ئەنجامداوە، لەوانەش کوشتنی پیاوان و رفاندنی کچ و ژنانی ئێزدی".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئامانجی ئەو تیرۆریستە لەو کردەوانە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن بووە لەنێو دڵی هاووڵاتییان بۆ بەدیهێنانی مەبەستە تیرۆریستییەکانی رێکخراوەکەی."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سزاکە لەسەر بنەمای مادەی چواری یەک و بە بەڵگەی مادەی دووەمی بڕگەکانی یەک، سێ و هەشتی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (ژمارە 13ی ساڵی 2005) دەرکراوە؛ هەروەها لە دەرکردنی سزاکەدا سوود لە حوکمەکانی مادەی 7ی یەکەمی یاسای رزگاربووانی ئێزدی (ژمارە 8ی ساڵی 2021) وەرگیراوە.
 
لە سەرەتای ئابی 2014دا داعش هێرشی کردە سەر سنووری شنگال و کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد. رێکخراوە پەڕگیرەکە هەزاران کچ و ژنی کوردی ئێزدیشی رفاند.