وەزارەتی بازرگانیی عێراق پلانی وەرگرتنی گەنمی 2026 رادەگەیێنێت


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بۆ وەرزی نوێی وەرگرتنی گەنمی ساڵی 2026، سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ نۆرەگرتنی بارهەڵگرەکان پەیڕەو دەکرێت و هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ کراوە بۆ ئەوەی رێگری لە قەرەباڵخی بکرێت.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 5ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەی ناوەندیی بەبازاڕکردن بە بەشداریی نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی وەرگرتنی گەنم، کە یەکێکە لە گرنگترین وەرزە کشتوکاڵییەکان و پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئاسایشی خۆراکی عێراقەوە هەیە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی گوتی: "لەم وەرزەدا سیستمێکی نوێی نۆرەی پێشوەختە پەیڕەو دەکرێت بۆ رێکخستنی هاتنەناوەوەی بارهەڵگرەکان بۆ ناو سایلۆکان، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاتی چاوەڕوانیی جووتیاران و رێگریکردن لەو قەرەباڵخییە زۆرەی لە ساڵانی رابردوودا دروست دەبوو."
 
هەروەها گوتیشی: "هەموو سایلۆ و کۆگاکان ئامادە دەکرێن و هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ کراوە بۆ خەمڵاندنی بڕی بەرهەمی ئەمساڵ، تاوەکو دڵنیابینەوە کە تەواوی گەنمی جووتیاران بەبێ گرفت وەردەگیرێت."
 
بە گوتەی محەممەد حەنوون، ئەم رێکارە نوێیانە سوودی سەرەکییان دەبێت لە کەمکردنەوەی کاتی چاوەڕوانی لەبەردەم سایلۆکان، زامنکردنی وەرگرتنی گەنم بە شێوەیەکی رێکخراو و دادپەروەرانە، دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵخیی وەرزەکانی پێشوو، هەروەها باشترکردنی بەڕێوەبردنی بڕی گەنم و پاراستنی لە تێکچوون.
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی جەختی لەوە کردەوە، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە تەنیا بە پلانەکان نییە، بەڵکو پەیوەستە بە خێرایی خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران، دابینکردنی بودجەی پێویست و ئیدارەدانێکی مەیدانیی ورد بۆ شوێنەکانی وەرگرتن.
 
محەممەد حەنوون ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم وەرزە لەژێر چاودێری و پاڵپشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران و وەزیری بازرگانی عێراقدایە و وەزارەت هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ئەوەی هیچ گرفتێک نەیەتە پێش جووتیاران.