تەرمی گەنجێک لە رووباری دیالە دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
تەرمی گەنجێک لە رووباری دیالە دۆزرایەوە. بە گوتەی پۆلیسی پارێزگاکە، ئەو گەنجە لەسەر پردێکەوە خۆی فڕێداوەتە نێو رووبارەکە و کۆتایی بە ژیانی هێناوە. 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی ئایاری 2024 تەرمی گەنجێک لە نێو رووباری دیالە دەرهێندرا.
 
عەقید هەیسەم سەلمان شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە رووداوی گوت، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەنجەکە لەسەر پردی نزیک ناوچەی شفتە لە بەعقوبە خۆی فڕێداوەتە نێو رووباری دیالە".
 
بەعقوبە ناوەندی پارێزگای دیالەیە. شەمەری گوتی، "دوای زیاتر لەکاژێرێک هەوڵدان و گەڕان، تیمی مەلەوانی تەرمی گەنجەکەیان دۆزیوەتەوە".
 
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە گوتیشی، "گەنجەکە قوتابی قۆناخی ئامادەییە. تاوەکو ئێستا هۆکاری خۆکوشتنەکەی روون نەبووەتەوە. لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە". 
 
لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە پارێزگای دیالە، نزیکەی 30 هەوڵی خۆکوشتن هەبوون و 18یان گیانیان لەدەستداوە.