رێڕەوێکى ئاوى لەگەڵ کوێت، ناکۆکى یاسایی لە عێراق دروست دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دەریاوانى لە دەرچەیەکى ئاویى 60 بە 40 کیلۆمەترى نێوان عێراق و کوێت دەخرێتە بەردەم دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق کە لە 13 ساڵ دواى واژۆکردنى رێککەوتتنامەکە دوو بڕیارى دژبەیەکى لەبارەوە داوە.
سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق دەیانەوێت ئەو دادگەیە لە بڕیارى راگرتنى رێککەوتننامەکە پەشیمان ببێتەوە کە بەر لە دوو ساڵ دەریکردووە. بەگوتەى سەرۆکى هاوپەیمانیى تەسمیم لە پەرلەمان، دیارترین خاڵەکانى هەڵکردنى ئاڵایە لەسەر کەشتییەکان و بۆ رێکخستنى دەریاوانییە، نەوەک دیاریکردنى سنوور.
30ى نیسانى 2025 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دوو سکاڵاى سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانى بۆ 22ـى حوزەیران دواخست کە تێیدا داوایان کردووە دادگە لە بڕیارێکى پاشگەزبێتەوە بۆ بەنادەستوورى دانانى یاساى ژمارە 42ى ساڵى 2013ی رێککەوتنامەى نێوان عێراق و کوێت بۆ رێکخستنى دەریاوانى لە بەندەرى خۆر عەبدوڵڵای نێوانیان.
ئەو دادگەیە لە 4ى ئەیلوولى 2023 لەسەر بنەماى سکاڵاى ژمارەیەک پەرلەمانتار لە بڕیارێکى خۆى پاشگەز بووەوە و بڕیاری دا ئەو رێککەوتنامەیە نادەستووری بێت، سەرەڕای ئەوەى دادگەکە لە 18ى کانوونى دووەمى 2014 رایگەیاندبوو، رێککەوتنامەکە پێشێلى دەستوری تێدا نییە.
دواخستنەکە بۆ ئەوە بوو لایەنى سێیەم بخاتە نێو سکاڵاکەوە کە سعود ساعدى، ئەندامى پەرلەمانى عێراقە کە سکاڵاکار بوو بۆ بە نادەستووریى ناساندنى رێککەوتننامەکە.
عامر فایز، سەرۆکى هاوپەیمانیى تەسمیم لە پەرلەمانى عێراق لە بەشداریکردنى لە (پۆدکاستى رووداوى عێراق) گوتى: "لەو رێککەوتنەدا عێراق و کوێت مافى خۆیان وەرگرت و لە پەرلەمان دەنگى لەسەر درا، بەڵام دواتر هەندێک دەنگ لێرە و لەوێ بەرزبوونەوە کە رەخنەیان لەو رێککەوتننامەیە گرت بەو ئاراستەیەی کە بۆ دیاریکردنى سنوورێکى نوێیە، بەڵام لە راستیدا رێککەوتننامەکە بۆ رێکخستنى دەریاوانییە و هیچ پێشێلکارییەکى بۆ سنوورى عێراق و کوێت تێدا نییە."
پاساوى دادگەى باڵا فیدراڵى بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو رێککەوتننامەیە ئەوە بوو کە بە یاساى پەیماننامەکانى ساڵى 1979 واژۆکراوە، لە کاتێکدا ئەو دەستوورەى لە 2005 پەسندکراوە لەگەڵ رێککەوتننامەکە یەک ناگرێتەوە و لەبرى یاساکە پشت بە دەستوور دەبەسترێت.
عامر فایز دەڵێت: "دیارترین خاڵەکانى ئەو رێککەوتنە ئەوەیە، ئەو کەشتیانەى دەچنە خۆرعەبدوڵڵا ئەگەر بەرەو کوێت بڕۆن، ئاڵاى کوێت هەڵدەکەن بەبێ ئەوەى هیچ رسوماتێک بدەن بەلایەنى عێراقى، پێچەوانەکەشى بە هەمان شێوەیە و ئەو کەشتیانەى بۆ عێراق دێن، ئاڵاى عێراق بەرز دەکەنەوە و رسومات بە کوێت نادەن. پێشتر مەرجى کوێت ئەوەبوو هەر کەشتیەک دەربازى خۆرعەبدوڵڵا ببووایە، پێویست بوو ئاڵاى کوێت هەڵبکات، تەنانەت ئەگەر بە ئاراستەى عێراقیش بێت".
خۆرعەبدوڵڵا کەناڵ و رێرەوێکى ئاوییە لەنێوان عێراق و کوێت، درێژییەکەى 60 کیلۆمەتر و پانییەکەى 40 کیلۆمەترە، بەندەرى ئوم قەسرى شارى بەسرە لەسەر ئەو کەناڵەیە کە نزیکەى 90%ـى نەوتى عێراقى لێوە هەناردە دەکرێت.
عامر فایز کە لەسەر پشکى بەسرە پەرلەمانتارە و ئەندامى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەیە، گوتى: "کوێت لەم پرسە نیگەرانە، بەڵام حکومەت لە دانوستاندندایە لەگەڵ دادگەى باڵاى فیدراڵى تاوەکو روونکردنەوەیەک بڵاوبکاتەوە بۆ دڵنیاییکردنەوەى کوێت و رای گشتى بەوەى رێککەوتننامەکە پەیوەست نییە بە دیاریکردنى سنوور، بەڵکو بۆ رێکخستنى دەریاوانییە" .
ئەو رێککەوتننامەیە لەسەر بنەماى بڕیارى ژمارە 833ـى 1993ـى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى بوو بۆ دیاریکردنى سنوورى نێوان عێراق و کوێت.