عێراق داوای ئاو لە هەرێمی کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی عێراق پاکێجێکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا راگەیاند، لەوانەش پابەندکردنی ئیدارەی بەنداوی دووکان بە بەرنامەی بەردانەوەی ئاو، بەپێی پلانی ناوەندیی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی ئایاری 2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی خولی لیژنەی باڵای ئاوی کرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران، سوودانی جەختی کردووەتەوە لە "پێویستی گرتنەبەری هەنگاوی فراوان لە بواری دابینکردنی ئاو، رێکخستنی بەکارهێنانەکانی، سنووردارکردنی پیسبوون، هەروەها بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە هەموو بوارەکانی بەکارهێنانی ئاودا".
 
کۆبوونەوەکە کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، گرنگترینیان ئەمانەن:
 
1- گرنگیدان بە پڕۆژە ستراتیژییە گەورەکان: لە رووی پلاندانان، دابینکردنی بودجە، و پڕۆژەکانی چاککردنەوەی زەوی (وەک پڕۆژەکانی ئاودێریی عەمارە و ناوەڕاستی دیجلە)، هەروەها پڕۆژەکانی گۆڕینی سیستمی ئاودێری بۆ سیستمی داخراو و گواستنەوەی ئاو بە بۆری، وەک هەنگاوێک بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کەمیی داهاتەکانی ئاو.
 
2- چارەسەرکردنی پیسبوونی ئاو: پابەندکردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو، کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاوی پیس (وەک ئاوەڕۆ) و هەر سەرچاوەیەکی دیکەی ئاوی چارەسەرنەکراو.
 
3- پابەندبوون بە پلانی کشتوکاڵی: وەزارەتی کشتوکاڵ پابەند دەکرێت بە جێبەجێکردنی پلانی کشتوکاڵی دیاریکراو و تەواوکردنی پڕۆژەی کارتی ئەلیکترۆنی جووتیاران.
 
4- رێکارەکانی بەشکردنی ئاو: جێبەجێکردنی رێکارەکانی نۆبەتکردن و بەشکردنی ئاو بۆ پەمپەکانی سەر رووبارەکانی دیجلە و فورات و لقە سەرەکییەکان لە وەرزی هاویندا.
 
5- وێستگەکانی شیرینکردنی ئاو: گرنگیدان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دروستکردنی وێستگەی شیرینکردنی ئاو بۆ پارێزگاکانی باشوور (بەسرە، زیقار، میسان و موسەننا).
 
6- پاککردنەوەی جۆگە و رووبارەکان: هەڵمەتێکی فراوان بۆ چاککردنەوە و قوڵکردنەوەی جۆگەکان، پاککردنەوەیان لە رووەکی زیانبەخش.
 
7- بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی: سوودوەرگرتن لە ئاوی ژێرزەوی و بۆ کاری نۆژەنکردنەوە لەو ناوچانەی کە گەیاندنی ئاوی سەر زەوی بۆیان قورسە.
 
8- بەڕێوەبردنی بەنداوی دووکان: پابەندکردنی ئیدارەی بەنداوی دوکان بە بەرنامەی بەردانەوەی ئاو بەپێی پلانی ناوەندیی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو.
 
9- پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆن: پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە ئاو لە هەر پارێزگایەک بە سەرۆکایەتی پارێزگار و ئەندامێتی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی سەرچاوەکانی ئاو، کشتوکاڵ، کارەبا، ژینگە، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ئاو، و هێزە ئەمنییەکان.
 
10- چارەسەر و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوەڕۆ: دانانی پلانێک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی چارەسەرکردن و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی ئاوەڕۆ بۆ مەبەستی کشتوکاڵی.