یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج بەڕێوەدەچێت؛ 'دانی بە تاوانەکانیدا ناوە'


رووداو دیجیتاڵ

یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج، یەکێک لە تاوانبارانی ئەنفال لە بەغدا دەکرێت. بەگوێرەی پارێزەری دۆسیەکە، لە دانپێدانانەکانیدا گوتوویەتی بە سێ ژەم یەک سەموونی داوە بە ئەنفالکراوان و ئاوێکی پێداون کە شیاوی خواردنەوە نەبووە.
 
دانیشتنەکەی دادگە، رۆژی پێنجشەممە 7ی ئایاری 2026 لە بەغدا دەکرێت. ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دادگاییکردنەکە کاژێر 8:30 خولەکی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە لە دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە رەسافە ئەنجام دەدرێت.
 
زیاتر لە 200 کەس وەک شایەتحاڵ لەسەر ئەو رووداوە بانگهێشتیان بۆ دەنێردرێت بۆ ئەوەی بەشداربن لە شایەتیدان لە دژی عەجاج.
 
رۆژی 31ی تەممووزی 2025، دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی راگەیێنرا کە بە جەلادی ئەنفالکراوان ناسراوە، ئەو تاوانانەی ئاراستەی کراون پەیوەندیدارن بە شەهیدکردنی ئەنفالکراوان لە گرتووخانەی نوگرەسەلمان لە پارێزگای موسەنا، لەو کاتەی کە بەرپرسی گرتووخانەکە بووە.
 
ئەیاد کاکەیی رایگەیاند، دانپێدانانەکانی عەجاجی لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بینیوە و دانی بە تاوانەکانیدا ناوە و گوتوویەتی: "بە سێ ژەم یەک سەموونم داوە بە ئەنفالکراوانی گرتووخانەی نوگرەسەلمان و ئاوێکیشم داونەتێ کە شیاوی خواردنەوە نەبووە بۆ ئەوەی بمرن. ئەو کەسانەشی گیانیان لەدەستداوە، بردراونەتە دەرەوەری گرتووخانەکە و نێژراون؛ بەهۆی ئەوەی تەنیا لمێکی کەمیان بەسەردا کراوە، تەرمەکانیان دەرکەوتوونەتەوە و سەگ لاشەیانی خواردووە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی دۆسیەکەی، عەجاج لە ساڵی 1962 لە پارێزگای سەلاحەدین لەدایکبووە و لە ساڵی 1986 کۆلێژی ئاسایشی نەتەوەیی تەواو کردووە. لە کاتی دەستگیرکردنیدا لە قەزای زوڵووعییە نیشتەجێ بووە کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی سەلاحەدین.
 
ئەیاد کاکەیی رایگەیاند، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە بەرپرسی گرتووخانەی نوگرەسەلمان بووە، لەو کاتەی ئەنفالکراوەکانی تێدا کۆکراوەتەوە.