گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر: نێچیرڤان بارزانی هەمیشە رێکخەری پرۆسەی سیاسی بووە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر دەڵێت، "نێچیرڤان بارزانی هەمیشە رێکخەری پرۆسەی سیاسی و تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان بووە." ئاماژە بەوەش دەکات، لە کۆبوونەوەکاندا نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، "ئارەزوو دەکەن پۆستی وەزارەتی دەرەوە لای پارتی بمێنێتەوە."
رۆژی سێشەممە 5ی ئایاری 2026، سەلام زوبێدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، بەتایبەت دوای راسپاردنی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەت." زوبێدی دەڵێت، "ئەم سەردانە زەوینەیەکی گونجاوە بۆ بنیاتنانی حکومەتێکی هاوسەنگ و تێپەڕاندنی ئەو سڕبوونەی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هەبوو."
سەلام زوبێدی گوتی، "بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەمیشە رێکخەری پرۆسەی سیاسی و تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان بووە، بێگومان ئەو بەشێکی گرنگە لە پێکهێنانی حکومەت و بەڕێوەبردنی سیستەمی سیاسی."
بەپێی زانیارییەکانی گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، لایەنە سیاسییەکان لەسەر میکانیزمێکی نوێ بۆ دابەشکردنی وەزارەتەکان رێککەوتوون کە لەسەر بنەمای "خاڵ" دەبێت. زوبێدی ئاشکرای دەکات کە "وەزارەتە سیادییەکان 15 خاڵیان بۆ دانراوە و وەزارەتەکانی دیکەش بەپێی قورساییان خاڵبەندی دەکرێن، ئەمەش دادپەروەری لە پشکی لایەنەکان و شایستە هەڵبژاردنەکاندا دەهێنێتە کایەوە."
سەبارەت بە پشکی کورد، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەری زۆرە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن هەر بۆ پارتی بمێنێتەوە. وەزارەتەکانی دیکە کێشەیان لەسەر نییە، بەڵام قسە لەسەر وەزارەتی دەرەوە بوو کە تا ئێستا ئەم بابەتە یەکلا نەکراوەتەوە."
گوتیشی، "براکان لە هەرێمی کوردستان و لە سەروویانەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختیان کردەوە کە ئارەزوو دەکەن وەزارەتی دەرەوە لای پارتی بمێنێتەوە، گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەسەر ئەم بابەتە هەبوو، دەکرێت لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا بگەنە رێککەوتن."
یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی کێشەکانی مووچە و یاسای نەوت و گاز بووە. سەلام زوبێدی باسی لەوە کرد کە "نابێت بژێوی و مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێت."
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر چارەسەری بنەڕەتی لە گەڕانەوە بۆ دەستوور دەبینێت و دەڵێت، "تاکە ڕێگە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچە، پەسندکردنی یاسای نەوت و گازە لە پەرلەمان، کە مافی هەموو عێراقییەکان و هەرێمی کوردستانیش بپارێزێت."