سادیقوون: لە کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی باسی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کراوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی سادیقوون رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و قەیس خەزعەلی، باسی پێکهێنانی حکومەت و چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 5ی نیسانی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەغدا لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبوونەوە.
سەعد سەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کراوە و هەوڵەکان لە چوارچێوەی ئەو پرسەدا بوون."
بزووتنەوەی سادیقوون باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەقە و فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان 28 کورسیی هەیە.
سەعد سەعدی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسی پرسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کراوە، بە شێوەیەک کە بەگوێرەی دەستوور و یاسا بە یەکجاری چارەسەر بکرێن.
لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ فراکسیۆنی سۆیانای کریستیانەکان و باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغداش کۆبووەوە.