واشنتن 10 ملیۆن دۆلار وەک پاداشت بۆ زانیاری لەسەر ئەکرەم کەعبی تەرخان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی (پاداشت بۆ دادپەروەری) سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، پاداشتێکی دارایی بە بڕی تاوەکو 10 ملیۆن دۆلار دەداتە هەر کەسێک کە زانیاریی وردی لەسەر شوێنی نیشتەجێبوون یان چالاکییەکانی ئەکرەم عەباس کەعبی، دامەزرێنەر و ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی (نوجەبا) پێشکێش بکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەکرەم کەعبی سەرکردایەتیی گرووپێکی چەکداریی "تیرۆریستی" نزیک لە ئێران دەکات لە عێراق. وەزارەتەکە کەعبی و گرووپەکەی تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی چەندین هێرش بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق و بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەندامانی بزووتنەوەی نوجەبا هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسی و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، کە بووەتەهۆی کوژرانی بەڵێندەرێکی ئەمریکی و برینداربوونی ژمارەیەک لە سەربازانی وڵاتەکەمان."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەسانەی زانیارییان هەیە دەتوانن لە رێگەی هێڵی پارێزراوی (Tor) یان ئەپلیکەیشنی (سیگنال)ـەوە پەیوەندی پێوە بکەن؛ هەروەها جەختی کردووەتەوە، ئەو کەسانەی زانیارییەکە دەدەن، ئەگەری هەیە گواستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین بکرێت.
بزووتنەوەی نوجەبا کە لە ساڵی 2013 لە لایەن ئەکرەم کەعبییەوە دامەزراوە، یەکێکە لە هێزەکانی نێو ناسراو بە (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) کە پشتیوانیی خۆی بۆ ئێران راگەیاندووە.
ئەم راگەیێندراوە هاوکاتە لەگەڵ بوونی ئاگربەستێکی ناسک لەنێوان ئەمریکا و ئێران کە لە 8ـی نیسانی ئەم ساڵەوە دەستیپێکردووە. هەرچەندە بەرپرسانی پێنتاگۆن دەڵێن، ئاگربەستەکە بەردەوامە، بەڵام دەڵێن، دەستبەرداری راوەدوونانی ئەو سەرکردانە نابن کە دەستیان لە کوشتنی هاووڵاتی و سەربازانی ئەمریکیدا هەبووە.
ئەمریکا لە ساڵی 2019ـەوە بزووتنەوەی نوجەبای خستووەتە لیستی تیرۆر و ئەکرەم کەعبیش وەک "تیرۆریستێکی جیهانی" پۆلێن کراوە.
ئەکرەم کەعبی کێیە؟
- لەدایکبووی 17-07-1977ـە و لە نەجەف قوتابیی محەممەد سادق سەدر، باوکی موقتەدا سەدر بووە.
- لە ساڵی 2003 پەیوەندی بە سوپای مەهدییەوە کردووە و دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کردەی چەکداری هەبووە.
- لە ساڵی 2008 لە سوپای مەهدی چووە دەرەوە و بووە جێگری سەرۆکی عەسایبی ئەهلی حەق.
- لە ساڵی 2013 وەک وەڵامێک بۆ سەرهەڵدانی داعش لە سووریا، گرووپی حیزبوڵڵا نوجەبای دامەزراند و داوای لە چەکدارە شیعەکانی عێراق کرد بچنە سووریا، هاوشانی حکومەتی ئەوکاتی دیمەشق بجەنگن.
- لە ساڵی 2008 لەلایەن ئەمریکاوە وەک "تیرۆریستی جیهانی" دەستنیشان کرا بەهۆی "هەڕەشەکردن لە ئاشتی و سەقامگیریی عێراق."