عێراق رسووماتێکى دیکە دەخاتە سەر هاوردە و بازگەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی گومرگی عێراق لە ئەمڕۆوە وەرگرتنی جۆرە رسووماتێک لەسەر هەموو کاڵا هاوردەکراوەکان جێبەجێ دەکات، کە بە گوتەی ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، ئەو بازگانەش دەگرێتەوە کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدان.
 
بەگوێرەی نووسراوێک کە دەستەی گشتیی گومرگی عێراق ئاراستەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی کردووە، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە 5ی ئایاری 2026، رسووماتێکى نوێ لەسەر سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان وەردەگیرێت، کە بڕەکەی پێنج لە هەزار (0.005 )ى بەهای کاڵا هاوردەکراوەکان دەبێت.
 
نووسراوەکە کە وێنەیەکی دەست رووداو کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو رسووماتە بۆ پاڵپشتیی هەناردەی وەزارەتی بازرگانیی عێراقە و لە چوارچێوەی سیستمی ئەسیکۆدا جێبەجێ دەکرێت و لە گومرگی پێشوەختە دەبڕدرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، سروە محەممەد، ئەندامی لیژنەی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازیی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو بڕیارە لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکانی عێراق جێبەجێ دەکرێت، بەڵام دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، تەنیا لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ئەو رسووماتە لە کاڵا هاوردەکراوەکان وەردەگیرێت.

 

چوار بازگەی گومرگی لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و دیالە، کەرکووک و نەینەوا هەن کە لە رێگەیانەوە کاڵای هاوردەکراو رەوانەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور دەکرێت.
 
ئەو بڕە رسووماتەی لە ئەمڕۆوە وەردەگیرێت، دەچێتە نێو سندووقی پاڵپشتیی هەناردە، کە بەگوێرەی یاسا دەبێت وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ ئەو پڕۆژانەی ناوخۆ خەرجی بکات کە کاڵا هەناردەی دەرەوە دەکەن.