پێکهێنانی کابینەکەی زەیدی نزیکە؛ کارنامەکەی پێش وەزیرەکان دەنێردرێتە پەرلەمان
رووداو دیجیتاڵ
کابینەی حکومەتی نوێی عێراق لە پێکهێنان نزیک دەبێتەوە؛ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دابەشکارییەکی سەرەکیی داناوە و چەند پێشنیازێک بۆ زیادکردنی پۆستەکان هەیە. گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر رایگەیاند: "کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو کارنامەی حکومەت دەدرێتە پەرلەمان، کە داواکارییەکانی کورد و سوننەی تێدا دەبێت."
نۆ رۆژ لەو ماوە دەستوورییە 30 رۆژییە تێپەڕیوە کە لەبەردەم (عەلی فالح زەیدی)دایە بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتەکەی. کۆبوونەوەی لایەنەکان و هەنگاوەکان بە ئاراستەی یەکلاکردنەوەی پێکهاتەی ئەو حکومەتە لە نێوان شیعە، سوننە و کورد خێراتر بوون.
حەسەن روبەیعی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا دابەشکارییەکە وایە کە شیعە 12 وەزارەت، سوننە شەش وەزارەت و کورد چوار بۆ پێنج وەزارەتی هەبێت و وەزارەتێکیش بۆ پێکهاتەکان بێت، لیژنەیەکی تەکنیکی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە کە ئەوە یەکلا دەکاتەوە هەر پۆستێکی وەزاری چەند خاڵی پێویستە؛ ئەگەر ژمارەی لایەنە بەشداربووەکان زیاتر بێت، ژمارەی خاڵەکان زیاد دەبێت و وەزارەتەکان دابەش دەکرێن بۆ سێ ئاستى سیادی، خزمەتگوزاری و وەزارەتەکانی دیکە."
لە 26ی نیسانەوە عەلی فالح زەیدی وەک سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دیاریکراوە، کە دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەی حکومەتەکەی ئاراستەی پەرلەمان بکات.
حەسەن روبەیعی رایگەیاند، تاوتوێی ئەوە دەکرێت گۆڕانکاری لە چەند وەزارەتێکدا بکرێت، لەوانە وەزارەتی پەروەردە بدرێتە شیعە و سوننە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەربگرێت، بۆ ئەوەی ئاراستەی ئەو دوو وەزارەتە یەک ئاراستە نەبێت. هەروەها پێشنیازێکی دیکە ئەوەیە کە لە حکومەتی نوێدا سەرۆکوەزیران سێ جێگری هەبێت کە سوننە، کورد و شیعە بن و سەرۆککۆماریش دوو جێگری سوننە و شیعەی هەبێت و ئەمانە جێگەی گفتوگۆن و هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی یەکلایییان دەکاتەوە.
کابینەی حکومەتی ئێستای عێراق 23 وەزارەتی هەیە: کورد چوار وەزارەت، سوننە شەش وەزارەت، 12 وەزارەت بەدەست شیعەوەیە و یەک وەزارەتیش بۆ کریستیانەکانە.
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت ئەندامانی کابینەی حکومەتی نوێ و کارنامەکەی لە پەرلەمان متمانەیان پێبدرێت و نیوە کۆ یەکی دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت.
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: پێشبینی دەکرێت کۆتایی ئەم هەفتەیە یان رۆژی شەممەی داهاتوو، عەلی فالح زەیدی کارنامەی حکومەتەکەی پێش کابینە وەزارییەکەی رادەستى پەرلەمان بکات بۆ تاوتوێکردن، تاوەکو لەگەڵ کابینەی حکومەتەکەیدا دەنگی لەسەر بدرێت.
بەگوتەی عەقیل ردێنی، لەو کارنامەیەدا جێگەی داواکاریی سوننە و کورد دەکرێتەوە، لەوانە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نەوت.