بەرپرسێکى پێشووى کورد لە نەینەوا بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزادەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق دەڵێت، سەرۆکى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا کە لە پشکى کورد ئەو پۆستەى وەرگرتبوو، بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزادراوە، ئەوەش بە تۆمەتى ئەوەى مووچەى دوو ساڵى فەرمانبەرێکى وەرگرتووە کە مۆڵەت بووە.
رۆژی 5ى حوزەیرانى 2023، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا کە دادگەى تاوانەکانى رەسافە لە بەغدا، سەرۆکى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەواى بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزاداوە، بەتۆمەتى دەستگرتن بەسەر پارەدا.
بەشار کیکی، سەرۆکى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بوو لە پشکى کورد، بەر لەوەى لەساڵى 2019 کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکان سڕبکرێت.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، بەشار کیکی بە نائامادەبوون سزادراوە، بە تۆمەتى ئەوەى بە هاوبەشی لەگەڵ تاوانبارێکى دیکە دەستی گرتووە بەسەر مووچەى فەرمانبەرێک لەنێوان تەممووزى 2015 و نیسانى 2017، لەکاتێکدا ئەو فەرمانبەرە بۆ ماوەى چوار ساڵ مۆڵەتی وەرگرتووە.
بەشار کیکى ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئێستا هیچ لێدوانێکم لەسەر ئەو بابەتە نییە."
سزاکە بەگوێرەى مادەى 315ى یاساى سزادانى عێراقى بووە، کە تایبەتە بە شاردنەوەى پارە لەلایەن کەسێکى راسپێردراو بە ئەرکى فەرمى.