ئەو بودجەیەی بۆ قوربانیانی تیرۆر دانراوە بەشی 10٪یان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراقدا 100 ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى تیرۆر تەرخانکراوە، کە بەشی 10%ى قوربانیان دەکات. ئەندامێکى لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیان لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت، یاساى دەزگاى شەهیدان هەموار دەکرێت، بۆ ئەوەی قەرەبووەکە قوربانیانی دەستی تیرۆر لە هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە.
سەگڤان سندى، جێگرى دووەمى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراقدا 100 ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەى قوربانیانى دەستی تیرۆر تەرخانکراوە، لەکاتێکدا 110 هەزار قوربانى تیرۆر لە عێراق تۆمارکراون، 10 ملیۆن دینار دەدرێتە کەسوکاریان.
بەگوێرەى ژمارەى قوربانیانى تیرۆر لەعێراق ئەو بڕە پارەى کە لە بودجەى ئەمساڵ تەرخانکراوە، تەنیا بەشی نزیکەى 10%ى قوربانیانی تیرۆر دەکات.
سەگڤان سندى گوتی، پێشنیاز هەیە پارەى قەرەبووەکە بکرێتە پێنج ملیۆن دینار بۆ ئەوەى زۆرترین زیانلێکەوتووى تیرۆر لێى سوودمەند بن، یان بە ریزبەندى بێت، سەرەتا ئەو خێزانانە قەرەبوو بکرێنەوە کە سێ کەسیان لەدەستداوە، دواتر ئەوانە قەرەبوو بکرێنەوە کە دوو کەسیان لەدەستداوە.
ئەو قەرەبووە زیانلێکەوتووانى هێرشەکانى رێکخراوى قاعیدە و داعش دەگرێتەوە، دەدرێت بەو خێزانانەى زیانیان بەرکەوتووە.
شوان محەممەد، ئەندامى لیژنەى شەهیدان، قوربانیان و زیندانیان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: " پێشتر پڕۆژەیاساى هەموارى دەزگاى شەهیدانى عێراق گەیشتووەتە لیژنەکەیان، بەڵام لەلایەن محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانەوە کشێندرایەوە، بۆ ئەوەى بەشێوەیەک هەمواربکرێتەوە قەرەبووەکە قوربانیانى دەستى تیرۆر لە هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە، کە هەولێر و بەغدا لەسەرى رێککەوتوون.