کۆچبەرانی عێراق بۆ رووداو: 16 هەزار هاووڵاتی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 16 هەزار هاووڵاتیی عێراقی لە کەمپی هۆلی سووریاوە گەڕێندراونەتەوە.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە (5ی تەممووزی 2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 16 هەزار هاووڵاتیی عێراقی بە 28 کاروان لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە. پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەوانی دیکەش بەردەوامە."
بە گوتەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، هێشتا نزیکەی 15 هەزار هاووڵاتیی دیکەی عێراقی لە کەمپەکەدا ماون و بڕیارە بەم نزیکانە کاروانێکی دیکەیان بگەڕێندرێتەوە.
عەلی عەباس ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەیان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە رێککەوتنێک سەبارەت بە چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەو عێراقیانەی لە کەمپی هۆلن؛ گوتیشی: "بەگوێرەی رێککەوتنەکە، تاوەکو ساڵی 2027 نابێت هیچ خێزانێکی عێراقی لەو کەمپەدا بمێنێتەوە و پێویستە سەرجەمیان بگەڕێندرێنەوە عێراق."
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە. بەشێکی زۆری نیشتەجێیانی کەمپەکە، ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن.
ئەو هاووڵاتییە عێراقیانەی دەگەڕێنرێنەوە، سەرەتا دەبرێنە کەمپی "جەدعە" کە بە "کەمپی هیوا"ش ناسراوە و دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا. ئەم کەمپە لە ساڵی 2021 بە تایبەت بۆ وەرگرتنی کەسوکاری چەکدارانی عێراقیی داعش دروستکرا.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کۆچبەران روونی کردەوە کە ئەو کەسانەی دەگەڕێنرێنەوە، سەرەتا لەم کەمپەدا قۆناخی چاکسازیی کۆمەڵایەتی (شیاندنەوە) تێدەپەڕێنن و دواتر دەگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.