گوتەبێژی سوودانی: تۆمەتەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رەت دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەداتەوە.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە (5ی تەمموزی 2025) بڵاو کراوەتەوە، سەباح نوعمان، گوتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند: "ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقی، کارێکە رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە و بە هیچ بیانوویەک رێگەپێدراو نییە."
گوتەبێژەکەی سوودانی دەڵێ: "داوا دەکەین ئەگەر بەڵگە هەیە، پێشکێشی لایەنە حکومییە فەرمییەکانی بکەن."
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەتی فیدراڵی هەرگیز لەسەر حیسابی ئاسایشی هاووڵاتیانی عێراق سازش ناکات و "دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری بدات."
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئاڵنگارییە هەنووکەیییەکان پێویستیان بە هاوئاهەنگی و هاوکارییە لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، نەوەک "پەنابردن بۆ لێدوان و کەناڵەکانی راگەیاندن، چونکە ئەم کارە دەرفەت بە ناحەز و لایەنە دووژمنکارەکان دەدات بێ رێزی بە دامەزراوەکان بکەن و زیان سەقامگیریی عێراق بگەیەنن."
دوێنێ شەو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، هیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان نییە و ئەو هەواڵانەش راست نین کە گوایە بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل لە سنووری پارێزگای هەولێر.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە چەند میدیایەکی ئەلکترۆنیی فەرمی لە ئێران وا بڵاوکراوەتەوە کە "گوایە شەوی رابردوو لە هەولێر بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل."
وەزارەتی ناوخۆ هەموو ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "چەواشەکارین و دوورن لە راستی. نە بنکەی ئیسرائیلی لە کوردستان هەن و نە ئۆپەراسیۆنی واش ئەنجام دراون."
وەزارەتی ناوخۆ گوتی: "شەوی رابردوو درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی لە نزیک هەولێر کەوتووەتەخوارەوە. ئەم هێرشانەش لەلایەن هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە ئەنجام دەدرێن و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی سنوورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و رێکاری یاسایی بەرامبەر بە تاوانباران بگرنەبەر،" .
لە راگەیێندراوێکی کورتدا کە شەوی 3ی تەممووزی 2025 بڵاویکردەوە، دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، کاژێر 9:58ی شەو "درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرایەخوارەوە."
راگەیێندراوەکە جەختی لەوە کردبووەوە، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادیی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمەش دەقی راگەیێندراوەکەی سەباح نوعمان،گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق:
ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراقەوە دەرچووە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقی، کارێکە رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە و بە هیچ بیانوویەک رێگەپێدراو نییە، بەتایبەتی کە بەبێ هیچ بەڵگەیەک دەرچووە، داواش دەکەین ئەگەر بەڵگە هەیە، پێشکێشی لایەنە حکومییە فەرمییەکانی بکەن.
حکومەتی فیدراڵی بە دامەزراوە ئەمنییەکانیەوە، لە زیاتر لە بۆنەیەکدا دووپاتی کردووەتەوە کە هەرگیز لەسەر حیسابی رۆڵەکانی عێراقی یەکگرتوو و ئاسایشەکەیان سازشی نەکردووە و نایکات و دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی دەستبردن بۆ سەقامگیری یان تێکدانی ئاسایش بدات لە سەرتاسەری عێراقدا.
ئاستەنگەکانی ئێستا پێویستیان بە هاوکاری و هاوئاهەنگییە لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، نەوەک پەنابردن بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن بە راپۆرت و لێدوانێک کە دەرفەت بە ناحەزان بدات زیان بە دامەزراوە عێراقییەکان بگەیەنن کە عێراق دەپارێزن و بەرگری لێدەکەن و ئاسایشەکەی دەپارێزن. هەروەها ئەم کارە پاساو دەداتە دەست لایەنە دوژمنکارەکان بۆ تێکدانی سەقامگیریی عێراق.
•••••
سەباح نوعمان
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان
5ی تەمموزی 2025