گوتەبێژی سوودانی: سەرەداوی گرنگمان لەبارەی هێرشکردنە سەر تاوەرەکانی کارەبا دەستکەوتووە

رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا لێپرسینەوە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان و بەرپرسانی کارگێڕیی ئەو ناوچانە بکات کە تێیاندا تاوەرەکانی کارەبا دەکرێنە ئامانج. 
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 05-08-2023، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە کاتێکدا حکومەتی عێراقی هەوڵ دەدات باشترین خزمەتگوزاری پێشکێشی هاووڵاتیان بکات، باری سەرشانیان سووک بکات لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، چەتە تیرۆریستییەکان هەوڵ دەدەن دەست بۆ ژێرخان ببەن و تاوەرەکانی کارەبا دەکەنە ئامانج، دوایینیان تەقاندنەوەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای 400 کەی ڤی (رۆژهەڵاتی بەغدا- دیالە) بوو لە ناوچەی خان بەنی سەعد". 
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی کارەبا، رووداوەکە کاژێر 08:30 شەوی رابردوو روویداوە و لە رێگەی بۆمبی چێندراوەوە ئەو هێڵی گواستنەوەیە تەقێنراوەتەوە. 
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، "دەزگا ئەمنییەکان زانیای هەواڵگریی وردیان لەبارەی هەوڵێکی لەم شێوەیە هەبوو و سەرەداوی گرنگیشیان لەبارەی ئەو کارە تیرۆریستییە ترسنۆکانە دەستکەوتووە". 
 
ماوەیەکە لە چەند ناوچەیەک ئەو رووداوانە دووبارە دەبنەوە. 
 
وەک یەحیا رەسوول دەڵێت، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا لێپرسینەوە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان و بەرپرسانی کارگێڕیی هەر ناوچەیەک بکات کە تێیاندا هێرش دەکرێتە سەر تاوەرەکانی کارەبا. 
 
رۆژی 29-07-2023 ژمارەیەک تاوەری گواستنەوەی کارەبا لە سەلاحەدین تەقێنرانەوە. ئەو کات وەزارەتی کارەبای عێراق بڵاویکردەوە، هێڵی گواستنەوەی کارەبای سەلاحەدین - حەدیسە بە ژمارەیەک بۆمبی چێندراو کراوەتە ئامانج و "بەو هۆیەوە سێ تاوەر کەوتوون." 
 
عێراق هەفتانە بە هۆکاری جیاواز رووبەڕووی پچڕانی کارەبا دەبێتەوە. 
 
وێڕای ئەوەی وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز، وێستگە کارەباییەکانی عێراق بە شێوەیەکی گەورە پشت بە گازی هاوردەکراوی ئێران دەبەستن، کە ئەویش چەندین جار بەهۆی دواکەوتنی عێراق لە پێدانەوەی قەرزەکانی، لە لایەن تارانەوە رادەگیرێت و دۆخی کارەبای عێراق خراپتر دەکات. 
 
بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکە، شارەکان پەنا دەبەنە بەر موەلیدە ئەهلییەکان کە بەرهەمەکەیان بەشی هەموو پێداویستییەکانی رۆژانە ناکات، لەوانەش ئامێرەکانی فێنککردنەوە. 
 
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، عێراق پێویستی بە 34-35  هەزار مێگاواتی رۆژانە هەیە، بەڵام لە لووتکەی توانایاندا، بە گوێرەی بەرپرسانی عێراق، وێستگەکانی وڵاتەکە 26 هەزار مێگاوات لە رۆژێکدا بەرهەمدێنن.