دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقی بۆ رووداو: لەسەر بەرەڵڵابوونی ورچەکە لێکۆڵینەوە لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی عێراقییە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
لەنێو فڕۆکەیەکی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییە ورچێک بەرەڵڵا دەبێت و بەهۆیەوە گەشتێکی ئاسمانیی نێوان دوبەی - بەغدا دوادەکەوێت. هێڵەکە داوای لێبووردن لە گەشتیاران دەکات. دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقیش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەکات و دەڵێت، رێکار بەرامبەر کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییە دەگرنەبەر.
دیمەنێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە تێیدا گەشتیارێک لە نێو فڕۆکەیەکی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییە باس لەوە دەکات، کاژێرێکە هەموو سەرنشینانی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە سەرکەوتوون و چاوەڕێ دەکەن تاوەکو فڕۆکەکەیان لە دوبەیەوە بەرەو بەغدا بفڕێت.
گەشتیارەکە باس لەوەدەکات، هۆکارەکەی ئەوەیە ورچێک قەفەسی شکاندووە و دەرچووە.
لەوبارەیەوە، جیهاد دیوان، بەرپرسی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق رۆژی شەممە، 05-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرچەندە هێڵی ئاسمانیی عێراقییە روونکردنەوەی داوە، بەشی سەلامەتی ئاسمانیی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکات.
بەرپرسی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەسەڵاتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق گوتیشی، "پێویستە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییە زیاتر پابەندی رێکار و مەرجەکانی رێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی نێودەوڵەتی بێت. دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی رێکار بەرامبەر کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییە دەگرێتەبەر".
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دیمەنە ڤیدیۆییە، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییەی سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لێبووردنی لەو گەشتیارانە کرد لەنێو فڕۆکەکەدا بوون و باس لەوەدەکات، دواکەوتنەکە لە دەرەوە دەسەڵاتی ئەوان بووە، بەهۆی ئەوەی ورچێک لە ژووری کارگۆ بووە و بە شێویەکی یاسایی لە بەغداوە براوەتە ئیمارات.
کۆمپانیاکە دەڵێت، ئەوان رێکاری پێویستییان گرتبووە بەر و قەفەسی تایبەتیان دابینکردبوو، بەڵام لەکاتی گەیشتنی فڕۆکەکە بۆ فڕۆکەخانەی دوبەی دەرکەوت، ورچەکە لە قەفەسەکە دەرچووە.
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییەی دەڵێت، تیمی فڕۆکەکە داوای هاوئاهەنگی لە دەسەڵاتدارانی ئیمارات کردووە و ئەوانیش دەستبەجێ تیمێکی تایبەتیان ناردووە بۆ سڕکردنی ورچەکە و گواستنەوەی بۆ دەرەوەی فڕۆکەکە و دواتریش گەشتی گەڕانەوە بۆ بەغدا ئەنجامدراوە .
هەر لەوبارەوە محەممەد عێراقی کە بە وەزیرەکەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر ناسراوە تویتێکی تەنزئامێزی کرد و دەڵێت" قسە لەگەڵ ورچەکە بکەن".