%90ـی عێراقییەکان مۆبایلیان هەیە و 81.7%یان ئینتەرنێت بەکاردێنن
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەیەکدا کە لە گۆڕانکاریی گەورەی دیجیتاڵی و داراییدا دەگوزەرێت، عێراق هێشتا وەک یەکێک لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەمێنێتەوە، کە زۆرترین رێژەی هاووڵاتییان تێیدا بێبەشن لە خزمەتگوزارییە داراییەکان. بەپێی نوێترین داتاکانی "گلۆباڵ فیندێکس"ـی جیهانی بۆ ساڵی 2025، کە داتاکانی لە ساڵی 2024 کۆکراوەتەوە، بۆشاییەکە لە نێوان عێراق و وڵاتانی مامناوەند و کەمداهات لە رووی پەیوەندیی مۆبایل، دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت و بەکارھێنانی خزمەتگوزارییە داراییەکان، لە فراوانبووندایە.
کەمبوونەوەی دەستگەیشتنی دیجیتاڵی
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ساڵی 2024، تەنیا 73%ی عێراقییەکان رایانگەیاندووە مۆبایلیان هەیە، ئەوەش لەکاتێکدایە، لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا (MENA)، رێژەی خاوەندارێتیی مۆبایل لە 90% زیاترە. هەروەها زیاتر لە 64%ی عێراقییەکان رایانگەیاندووە لە سێ مانگی رابردوودا ئینتەرنێتیان بەکارهێناوە.
دواکەوتن لە پێشکەوتنی دیجیتاڵی
لە سەرتاسەری جیهان، گەنجان روو لە کردنەوەی هەژماری بانکی دەکەن و مۆبایل و ئینتەرنێت کردنەوەی ئەم هەژمارانەیان ئاسانکردووە. بەگوێرەی راپۆرتەکەی "گلۆباڵ فایندێکس"ـی ساڵی 2025، ئێستا 79٪ی گەنجانی جیهان هەژماری بانکییان هەیە، بەڵام بە پێچەوانەوە، گەنجانی عێراق هێشتا دوورن لەم گۆڕانکارییانە و تەنیا یەک لەسەر سێی عێراقییەکان هەژماری بانکییان هەیە، لە کاتێکدا کە زیاتر لە 90٪ی خەڵکی عێراق خاوەنی مۆبایلن و 81.7٪یان ئینتەرنێت بەکاردێنن.
چالاکیی دارایی و گەشەی جیهان
بەپێی راپۆرتەکە، دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری دارایی لە ساڵی 2011دا نەبووە. لەو کاتەوە، کەرتی دارایی گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی مۆبایل و ئینتەرنێت و سەرهەڵدانی خزمەتگوزارییە داراییە دیجیتاڵییەکان. یەکێک لە دەرئەنجامە هەرە بەرچاوەکانی ئەم گۆڕانکارییە، زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ئەو کەسانەیە کە خاوەنی هەژماری بانکین و بەکاری دەهێنن.
هەژماری دیجیتاڵی
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات ئێستا 79٪ی گەنجانی جیهان هەژماری بانکییان هەیە، بە بەراورد بە ساڵی 2021 رێژەکە 5% زیاد بووە. لە وڵاتانی کەمداهات و مامناوەنددا، ئەم زیادبوونە زیاترە و بە رێژەی لەسەدا 6 بەرزبووەتەوە، ئێستا لەسەدا 75ی گەنجانی ئەم وڵاتانە هەژماری بانکییان هەیە. هەرچەندە نزیکەی یەک ملیار و 300 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان هەن کە هەژماری بانکیان نییە، بەڵام زۆربەیان ئەو ئامرازانەیان هەیە کە یارمەتیان دەدەن بە ئاسانی ئەو هەژمارانە بەدەستبهێنن.
مۆبایل و ئینتەرنێت
بەکارهێنانی مۆبایل و ئینتەرنێت کردنەوەی هەژمارە داراییەکانیان ئاسانکردووە. نزیکەی 86٪ی گەنجانی جیهان خاوەنی مۆبایلن، و زیادبوونی هاتنە ناوەوەی مۆبایلە زیرەکەکان زۆر گرنگە بۆ دەستگەیشتن بە دەرفەتی ئابووری باشتر و خزمەتگوزارییە داراییەکان. نزیکەی 70%ی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتی جیهان پشت بە مۆبایلە زیرەکەکان دەبەستن.
کەمبوونەوەی جیاوازی
جیاوازی نێوان ژن و پیاو لە خاوەندارێتی هەژماری بانکیدا کەم بووەتەوە. هەرچەندە پیاوان زیاتر لە ژنان هەژماری داراییان هەیە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا ژنان هەنگاوی زۆڕیان ناوە بۆ کردنەوەی هەژماری تایبەت بە خۆیان. لە ساڵی 2024دا، لەسەدا 73ی ژنانی وڵاتانی کەم داهات و مامناوەند هەژماریان هەبووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2014دا تەنیا 50٪ی ژنان هەژماری بانکییان هەبووە.
سەلامەتی دیجیتاڵی و مەترسییەکان
لە کۆی 900 ملیۆن کەس کە هەژماری داراییان هەیە و لە رێگای مۆبایلەوە بەکاردێنن لە وڵاتانی کەمداهات و مامناوەند، تەنیا سێ لەسەر چواریان پاسوۆرد بەکاردەهێنن بۆ پاراستنی مۆبایلەکانیان. ئەمەش دەتوانێت مەترسی دزییان لەسەر دروست بکات لە کاتی بەکارهێنانی ئەکاونتەکانیان. مەترسییەکی دیکە ساختەکاری داراییە. نزیکەی یەک لە پێنجی بەکارهێنەری مۆبایل لەم وڵاتانەدا نامەیەکی کورتیان لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە پێدەگات کە داوای پارە دەکات. هەرچەندە رێژەی ئەو کەسانەی پارەیان ناردووە کەمە، بەڵام ئەم پەیامە ساختانە مەترسی لەسەر خاوەن هەژماری دیجیتاڵی دروست دەکەن.
عێراقییەکان: نزیک لە مۆبایل، دوور لە خزمەتگوزاری دارایی
لە عێراق سەرەڕای ئەوەی 81.7٪ـی دانیشتووان ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، تەنیا 30٪یان هەژماری بانکییان هەیە و نزیکەی چارەکێکی عێراقییەکان شێوازی پارەدانی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، عێراقییەکان بە شێوەیەکی گشتی بڕوایان بە دامەزراوە داراییەکان نییە، تەنیا 1%ی عێراقییەکان پارە لە بانک یان دامەزراوە داراییەکان دادەنێن و لەسەدا 12ی عێراقییەکان قەرز لە دامەزراوە داراییەکان وەردەگرن. کاتێک رووداوێکی نەخوازراو روودەدات، بەشێکی زۆری عێراقییەکان روو لە بانکەکان ناکەن، بەڵکو روو لە ئەندامانی خێزان و هاوڕێکانی خۆیان دەکەن. لەگەڵ ئەمانەشدا، گەنجان روو لە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان دەکەن و نزیکەی لەسەدا 10ی عێراقییەکان داهاتیان لە ئینتەرنێتەوە دەستدەکەوێت، وەک بازرگانی ئەلیکترۆنی.