پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و پارتی و یەکێتی بەشداری ناکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر پێنج پرۆژەیاسا بدرێت و خوێندنەوەش بۆ پێنج پرۆژەیاسای دیکە بکرێت. هەریەک لە فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکەن و فراکسیۆنی یەکگرتووش داوای دڵنیایی دەکات.
 
کۆبوونەوەکە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 5-8-2025 بەڕێوەدەچێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ناکەن. دوو سەرچاوە لە هەردوو فراکسیۆنەکە بە رووداویان گوت، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ترسیان هەیە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی بخرێتە بەرنامەی کارەوە، بۆیە بایکۆتی دانیشتنەکە دەکەن.
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فراکسیۆنەکەیان بەو مەرجە بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات، کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دڵنیاییان پێبدات پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی ناخرێتە بەرنامەی کارەوە.
 
پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەماندا نییە، بەڵام بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، 50 پەرلەمانتار دەتوانن واژۆ کۆبکەنەوە بۆ زیادکردنی هەر بڕگەیەک؛ دواتر سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەیخاتە دەنگدانەوە و ئەگەر دەنگی پێویستی هێنا، ئەو بڕگەیە زیاد دەکرێت.
 
بەڵام موسەننا ئەمین بەدووری زانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەو کارە بکات و ئەو بڕگەیە زیاد بکات.
 
ئەو پێنج پرۆژەیاسایەی بۆ دەنگدان لە بەرنامەی کاردان بریتین لە: پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی بنەماکانی هاوسەنگکردنی بڕوانامە و پلەی زانستیی عەرەبی و بیانی، پرۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی هاندان و پاراستنی دوولایەنەی وەبەرهێنان لەنێوان عێراق و سعودیە، پرۆژەیاسای رێکخستنی وزەی نوێبووەوە، پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی و تیشکی و کیمیایی و بایۆلۆژی و پرۆژەیاسای تەندروستیی دەروونی.
 
هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دیوانی وەقفی سوننە، پرۆژەیاسای چاودێریی نەوجەوانان و پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای چاودێریی قاسرین دەکرێت. هاوکات خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای کۆلێژی فڕۆکەوانیی سوپا و پێشنیازەیاسای رێکخستنی مافی کەمینەکان دەکرێت.