شەڕە بۆکس دانیشتنی پەرلەمانی پەکخست؛ 'سووکایەتیی بە سوننە کرا'
رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق پەکیکەوت. فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان رایگەیاند، بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران دانیشتنەکە هەڵگیراوە. پەرلەمانتارێکی سوننەش دەڵێت، لەگەڵ پەرلەمانتارێکی شیعە شەڕەبۆکسی کردووە چونکە سووکایەتیی بە سوننە کردووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەسەر دەنگدان بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دەوڵەت و ئەنجوومەنی راژە دروست بووە.
لە دانیشتنەکەدا، شەڕە بۆکس لە نێوان رەعد دەهلەکی، پەرلەمانتاری سوننە و عەلا حەیدەری، پەرلەمانتاری شیعە روویداوە.
ئەمڕۆ، رەعد دەهلەکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاربوو لە دانیشتنەکە سەرۆکی هەردوو ئەنجوومەنی دەوڵەت و ئەنجوومەنی راژە هەڵبژێردرێت، پێکهاتەی سوننە داوایان کرد سەرۆکایەتی یەکێک لە دوو ئەنجوومەنەکەیان پێبدرێت و شیعەکان بەشێکیان رازی نەبوون بەو داوایە، بەڵام سوننەکان لە داواکارییەکەیان بەردەوام بوون."
دەهلەکی گوتی، "مەحموود مەشهەدانی گوتی، دانیشتنەکە رادەگیرێت، تاوەکو لەگەڵ پێکهاتەی سوننە قسە دەکەم. دواتر چووینە ژوورێکەوە بۆ قسەکردن لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام تووشی سەرسوڕمان بووین کاتێک ئێمە لە ژوورەوە بووین، بە سەرۆکایەتی جێگری یەکەمی سەرۆک دانیشتن کرابوو و دەنگ لەسەر هەردوو سەرۆکەکە درا، کە هەردووکیان شیعە بوون."
بە گوتەی رەعد، "عەلا حەیدەری سووکایەتی بە سەرۆکی پەرلەمان و پێکهاتەی سوننە کرد، منیش وەڵامم دایەوە و دواتر هێرشی کردە سەرم و بە بۆکس لە یەکتریمان دا."
مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، سەرەڕای ئامادەبوونی لە باڵەخانەی پەرلەمان، بەڵام جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتیی دانیشتنی کردووە.
مەشهەدانی بڕیاریداوە دانیشتنەکە بە نادروست هەژمار بکرێت و هەموو ئەو بڕیارانەشی تێیدا دراون هەڵبوەشێنێتەوە.