عێراق داوا لە هۆڵەندا دەکات لە لیستى 'وڵاتانى مەترسیدار' دەریبهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دەرەوەى عێراق داوا لە هۆڵەندا دەکات ناوى وڵاتەکەى لە لیستى سوورى وڵاتانى مەترسیدار دەربهێنێت، بۆ ئەوەى گەشتى هاووڵاتییان و وەبەرهێنەرەکانی بۆ ئەو وڵاتە دەستپێبکاتەوە.
5ـى ئەیلوولی 2023، وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە "محەممەد حوسێن بەحرلعلووم، بریکارى وەزارەتى دەرەوە لەگەڵ هانس سادنى، باڵیۆزى هۆڵەندا لە بەغدا کۆبوونەوە و یەکێک لەو پرسانەى باسیان کردووە پەیوەست بووە بە گەشتى هاووڵاتییانى هۆڵەندا بۆ عێراق".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە بریکارى وەزارەتى دەرەوەى عێراق داواى لە باڵیۆزى هۆڵەندا کردووە، ناوى عێراق لە لیستى سوورى ئەو وڵاتانەدا دەربهێنێت کە هۆڵەندا وەکو وڵاتانى "زۆر مەترسیدار" پۆڵێنى کردوون بۆ گەشتکردنى هاووڵاتییانى هۆڵەندی بۆ ئەو وڵاتانە.
محەممەد حوسێن بەحرلعلووم رایگەیاندووە "ئاسایشى عێراق باش بووە و لابردنى بەربەستەکان لەبەردەم گەشتکردنى هاووڵاتییانى وڵاتەکەى بۆ عێراق، وادەکات هانى کۆمپانیاکانى هۆڵەندا و سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانە بدات کە لە عێراق وەبەرهێنان بکەن".
لەدواى ساڵى 2014 بەهۆى هێرشەکانی رێکخراوى داعش، هۆڵەندا عێراقى خستە نێو لیستى سوورى وڵاتە مەترسیدارەکان.