لە موسڵ دوو خوشک بە هاوکاریی کەسێک باوکیان بە کێبڵ دەکوژن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شارى موسڵ، دوو خوشک بە هاوکارى کەسێک باوکیان لە خەودا بە کێبڵ دەکوژن و دواتر دەستگیر دەکرێن.
 
فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، پیاوێک لە خانووەکەى خۆیدا لە ناوچەى رەشیدیەى شارى موسڵ بەکوژراوى دۆزراوەتەوە و دواى لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە لەلایەن کچەکانیەوە کوژراوە.
 
پۆلیسی نەینەوا ئاماژەى بەوەشداوە، دوو لە کچەکانى ئەو پیاوە بە هاوکارى کەسێکى دیکە باوکیان کوشتووە و دەستگیرکراون.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو سێ کەسە دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو پیاوەیان لەکاتی خەودا بە کیسی نایلۆن و وایەرى کارەبا کوشتووە.
 
هەرسێ تۆمەتبارەکە بەگوێرەى مادەى 406ى یاسای سزادانى عێراق دەستگیرکراون، کە یەکێک لە بڕگەکانى تایبەتە بە تاوانى کوشتن لەلایەن کەسانێک کە لە ماڵباتى کوژراوەکە بن و سزاکەى لەسێدارەدانە.