لە نەجەف 17 شۆفێرى پاس بەتۆمەتى بەکارهێنانى مادەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
17 شۆفیرى پاس لە نەجەف کە خەڵکییان بۆ ئەو شارە گواستووەتەوە، پشکنینیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە بەکارهێنەرى مادەى هۆشبەرن و دەستگیرکراون.
5ى ئەیلوولی 2023، وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى ئەو 17 شۆفێرە و وردەکارییەکەى بڵاوکردەوە. بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، "پشکنین بۆ 200 شۆفێرى ئەوپاسانە کراوە، کە هاووڵاتییانیان بۆ پارێزگاى نەجەف گواستووەتەوە لە رێگەى بازگەکانى مەنازرە، عەباسیات، غەماس و کەفل لەو پارێزگایە".
لەبەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەکۆى ئەو 200 شۆفێرە کە پشکنینیان بۆکراوە، دەرکەوتووە کە 17 یان بەکارهێنەرى مادەى هۆشبەرن و رێوشوێنى یاسایى لە دژیان گیراوەتەبەر.
ئەو پشکنینە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ چلەى ئیمام حوسێن، کە لە 6ى ئەیلوول دەکرێت و بەهۆیەوە زیارەتکارانى شیعە لەناوەوە و دەرەوەى عێراق سەردانى مەزارگەکە ئاینیەکانى شیعە دەکەن لە پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق کە نەجەف یەکێکە لەو پارێزگایانە.
بەگوێرەى ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتى بنەبڕکردنى مادە هۆشبەرەکان و کاریگەرى دەروونییەکانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراق، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە نزیکەى 12 هەزار کەس بەتۆمەتى بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون.