دواى چەند رۆژێک دواکەوتن، دەست بە دابەشکردنى مووچەی خانەنشینانی عێراق کرا
رووداو دیجیتاڵ
دواى چەند رۆژێک لە دواکەوتنى، وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە دابەشکردنى مووچەی مانگی ئەیلوولی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی کرد. ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمان هۆکارى دواکەوتنەکە بۆ کەمى نەختینە دەگێڕێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 5ی ئەیلوولی 2025، ئەو وەزارەتە لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت، فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتەکە دەستی کردووە بە رێکارەکانی خەرجکردنى مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بۆ مانگی ئەیلوول، دەستەی خانەنشینی و بانکەکانی رافیدەین و رەشید دەستیان کردووە بەوەی پارەی مووچەکە بخەنە سەر کارتی ئەلیکترۆنی خانەنشینان.
وەزارەتی دارایی عێراق داوای لەو خانەنشینانە کرد کە کورتەنامەی وەرگرتنی مووچەکەیان پێدەگات، سەردانی لقی بانکەکان یان ئامێرەکانى ئەی تی ئێم بکەن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەبوو سەرەتای مانگ مووچەی خانەنشینان بدرایە و زیاتر لە چوار رۆژە دواکەوتووە و هۆکاری ئەو دواکەوتنە کەمیی پارەى نەختینەیە."
دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان رۆژێک دوای فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ وەزارەتی دارایی دێت، کە داوای کرد، دەبێت هەینی و شەممە دەوام بکەن بۆ ئەوەی ئەو مووچەیەى خانەنشینان دابەش بکرێت.
زیاتر لە سێ ملیۆن خانەنشینی سەربازی و مەدەنی لە عێراق هەن کە مووچەکانیان لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە وەردەگرن.
پێنجشەممە 4ی ئەیلوول، وەزارەتی دارایی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی دواکەوتنی مووچەی خانەنشینان بڵاو کردەوە و رایگەیاند، ئەو دواکەوتنە بە هۆکاری تەکنیکی پەیوەندیدار بە سیستمی خەرجکردن و گواستنەوەی بانکی هەبووە و پەیوەندی بە نەختینەوە نەبووە.