دەرفەتەکەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پارتی و یەکێتی "بەرەو کۆتایی دەچێت"
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیى عێراق رایگەیاند، هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى دوو هەفتە دەرفەتى داوەتە پارتى و یەکێتى بۆ ئەوەى بەربژێرێک بۆ پۆستى سەرۆککۆمارى عێراق پێشکێش بکەن کە کۆتایی ئەم هەفتەیە تەواو دەبێت، پەرلەمانتارێکى پارتى دەڵێت: "دیاریکردنى دەرفەت کارتى گوشارە، بەبێ رێککەوتنى کورد لەسەر بەربژێرەکە، کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار ناکرێت".
عەلى دیفاعى، گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە کاتی گفتوگۆکانى پێکهێنانى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بڕیاردراوە، کە لە دواى کاراکردنەوەى پەرلەمانى عێراق دوو هەفتە بدرێتە لایەنە کوردستانییەکان بۆ پێشکێشکردنى بەربژێرەکان ئەگەر نا ئەو پرسە بە دەنگدان لە پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە.
عەلى دیفاعى گوتى: "ئەو دەرفەتە رێککەوتنێکى نووسراو نییە و رانەگەیێندراوە، بەڵام کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەو وادەیە کۆتایی دێت و ئەگەر بەیەک بەربژێرەوە نەیەنە پەرلەمان، ئەوکاتە پەرلەمانتاران پرسەکە یەکلایی دەکاتەوە".
دوای دوو مانگ، رۆژی 28ى ئەیلولى 2022، پەرلەمانى عێراق کۆبووەوە. کۆنەبوونەوەی پەرلەمان بەهۆى ناکۆکیى نێوان رەوتى سەدر و هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بوو لەسەر پرسی پێکهێانى حکومەت کە بەهۆیەوە لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەردەم پەرلەمانى عێراق مانیان گرت، تاوەکو ئەوکاتەى بە فەرمانى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لە 30ى ئاب کۆتاییان بە مانگرتنەکە هێنا.
بەرهەم ساڵح، بەربژێرى یەکێتییە و رێبەر ئەحمەد، بەربژێرى پارتییە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، لە کاتێکدا چەند بەربژێرێکی سەربەخۆی کورد بۆ پۆستەکە هەن.
ماجید شنگالى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: دیاریکردنى وادەیەکى لەو جۆرەیان نەبیستووە بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێرى سەرۆککۆمار، گفتوگۆکان لەنێوان پارتى و یەکێتى بەردەوامە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
ماجید شنگالى بەدووری دەزانێت، بەبێ رێککەوتنى کورد لەبارەى یەک بەربژێر، کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار بکرێت و گوتی: "هەرچەندە وادەیەک نییە بۆ یەکلاییکردنەوەى، لە هەمان کاتیشدا دەرفەتەکە کراوە نییە، ئەوەى لەوبارەیەوە وەک دەرفەت دادەنرێت بۆ یەکلاییکردنەوەى بەربژێرى سەرۆککۆمار کارتى گوشارە".
هەنگاوى یەکەمى پێکهێنانى حکومەت هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارە بۆ ئەوەى بەربژێرى سەرۆکوەزیران رابپسپێردرێت بۆ پێکهێنانى حکومەت.
محەممەد شیاع سوودانى، بەربژێرى هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگییە بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران، کە لە دواى کشانەوەى 73 پەرلەمانتارەکەى فراکسیۆنى سەدر لە 12ى حوزەیران، بووەتە گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمانى عێراق.