لە سەلاحەدین ژنێک دشێکی دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سەڵاحەدین، ژنێک تەنیا دوو رۆژ دوای چوونە نێو پرۆسەی هاوژینی، لەلایەن دشێکییەوە کوژرا و دواتر بکوژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
رووداوەکە دوێنێ لە ناوچەی ئەلبوتوعمە لە ناحیەی حەجاج، سەر بە قەزای بێجی لە پارێزگای سەلاحەدین روویداوە. عەقید فیراس داود سلمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسیی پارێزگای سەڵاحەدین، ئەمڕۆ یەکشەممە، 5-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پیاوێک دوو رۆژ بووە ژنی دووەمی هێنابوو، خوشکی پیاوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، پێی قبووڵ نەبووە و بووکە تازەکەی بە چەقۆ سەربڕیوە."
دوای رووداوەکە، تیمێکی تایبەت لە پۆلیسی بێجی و نەهێشتنی تاوان، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین، بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە پێکهێنراوە و تۆمەتبارەکە کە بە پیتەکانی (خ. ذ. أ) ناسێندراوە، دەستگیرکراوە.
عەقید فیراس داود سلمان ئاماژەی بەوەکرد، "تیمەکە لە ماوەیەکی کەمدا توانیویەتی ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا و دەستگیری بکات. لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دەست بەسەر ئەو چەقۆیەشدا گیراوە کە تاوانەکەی پێ ئەنجامداوە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسیی پارێزگای سەڵاحەدین ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری سەرەکیی تاوانەکە "کۆمەڵایەتی و تۆڵەسەندنەوە" بووە. دادوەری لێکۆڵینەوەش بڕیاری داوە تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی رابگیرێت.