نەجم جبووری: هەر چەکدارێکی حەشد ناچار کراوە ژمارەیەک کارتی دەنگدان ببات


رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری پێشووی نەینەوا دەڵێت، بۆ هەڵبژاردن لە نەینەوا 'سیاسەتی تۆقاندن' بەرامبەر هێزە ئەمنییەکان بەکاردەهێنرێت. دەشڵێت، پارتی سەنگی لە نەینەوادا هەیە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، نەجم جبووری، پارێزگاری پێشووی نەینەوا و بەربژێری دیاری لیستی "نەینەوا لیئەهلیها" لە کاتی بەشداری کردنی لە بۆڵتەنی کاژێر 04:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند،  "زیاتر لە 22 لیست و زیاتر لە هەزار و 60 بەربژێر لە نەینەوا بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی کردووە، بەشی زۆری حیزبە بەشدارەکانی نەینەوا لە هەڵبژاردن، پەیوەستن بە سەرکردایەتی دەرەوەی نەینەوا، تەنیا سێ بۆ چوار حیزبێک نەبێت."
 
لەبارەی یاسای هەڵبژاردن نەجم جبووری گوتی، "من تێبینیم لەسەر سیستمی کۆتا هەیە، سیستمی کۆتا دادپەروەرانە نییە، کۆتا کریستیان و شەبەکەکان، یاساکە یەک بازنەیە بۆ ئەوان، کەسانێک هەن لە دەرەوەی نەینەوان و دەتوانن لە رێگەی ئاراستەکردنی خەڵكەوە دەنگ بۆخۆیان کۆبکەنەوە".
 
سەبارەت بە حاڵەتەکانی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان جبووری دەڵێت، "سیاسەتی تۆقاندن پەیڕەو دەکرێت، بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتی حەشد کە فەرزکراوە لەسەریان هەر چەکدارێک ژمارەیەک کارتی دەنگدان ببات، هەزاران کارت کڕدراون، ئەمەش بەدڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر ئەنجامی راستەقینەی هەڵبژاردن دەبێت."
 
لەسەر دەنگی پارتی لە نەینەوا، بەربژێرەکەی "نەینەوا لیئەهلیها" ئاماژەی بەوە کرد، " پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا زۆرجار لە هەڵبژاردن لە ریزبەندی یەکەم یان دووەم دێت، پارتی سەنگ و پێگەی خۆی هەیە، لە هەموو شوێنێک کێبڕكێ دەکەن، چ لە ناو شاری موسڵ بێت یان لە قەزا و ناحیەکان".
 
نەجم جبووری بەربژێرێکی دیارە لە لیستی "نەینەوا لیئەهلیها" و پێشتر پارێزگاری نەینەوا بوو. بەڵام لە 26-11-2023، دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی پارێزگاری نەینەوا پێشکێشی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد ئەویش پەسندی کرد.