بەربژێرێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی دووردەخرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەربژێرێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە تۆمەتی گەندەڵی دووردەخاتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 05-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر دۆسیەی دەستپاکی، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی محەممەد نازم جەنابی، بەربژێر بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بەربژێری ژمارە حەوتە لە هاوپەیمانیی مەدار لە پارێزگاری بابل.
ئەنجوومەنی پارێزگای بابل لە 18 کورسی پێکهاتووە؛ 13 پیاو و 5 ژن. بڕیارە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دوای تاوتوێکردنی یاداشتی نووسینگەی سەرۆکی هۆبەی هەڵبژاردن لەبارەی شیاوی بەربژێران و وەڵامدانەوەی دەستەی دەستپاکییەوە ئەو بڕیارەی داوە. بڕیارەکەش پاڵپشت بووە بە نووسراوی دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی و یاداشتی فەرمانگەی میدیا و گەیاندنی جەماوەری/ هۆبەی کاروباری بەربژێرەکان.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران داوای لە هۆبەی هەڵبژاردن کرد رێکاری پێویست بگرێتەبەر؛ بۆیە رێکاری پێویست گیراوەتەبەر بۆ دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرە.
هاوپەیمانی مەدار لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ژمارەکەی 228 زۆربەی بەربژێرەکانی شیعە مەزهەبن و خۆی وەک سەربەخۆ دەناسێنێت. محەممەد شاکر شەممەری سەرۆکایەتیی هاوپەیمانییەکە دەکات.