سەرۆکایەتیى کۆمار لەبارەى بە تیرۆریستناساندنى حیزبوڵڵا و ئەنساروڵڵا: نە بڕیارمان داوە نە ئاگامان لێیە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی کۆمارى عێراق رەتیکردەوە کە ئاگاداری بڕیارى ناساندنی حیزبوڵڵاى لوبنانى و حوسییەکانی یەمەنی بێت وەک گرووپی تیرۆریستى و بلۆککردنی پارەکانیان.
 
رۆژی هەینى 5ى کانوونى دووەمى 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەو جۆرە بڕیارانە نانێردرێن بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار و تەنیا ئەو یاسایانە ئاراستە دەکرێن بۆ وردبینی و پەسندکردن و بڵاوکردنەوە، کە پەرلەمانى عێراق دەنگی لەسەر داون.
 
لە بەشێکی دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سەرۆکایەتیی کۆمار بڕیارەکەی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بیستووە."
 
لە ژمارە 4848ی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، کە 17ی تشرینی دووەمی 2025 بڵاوکراوەتەوە، سێ جار ناوی حیزبوڵڵای لوبنانی و چوار جار ناوی ئەنساروڵڵای حوسییەکانی یەمەن وەکو بەشدار لە کاری تیرۆریستی هاتووە.
 
عەمار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی و سەرۆکی لیژنەی بلۆککردنی پارەی تیرۆریستان، 4ی کانوونی یەکەمی 2025، نووسراوێکی ئاراستەی بەشی بلۆککردنی پارەی تیرۆریستان لە ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق کرد بۆ هەموارکردنەوەی بڕیارەکە، تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، ناوی ئەو دوو گرووپە (حیزبوڵڵا و ئەنساروڵڵا) بە هەڵە هاتووە و داوای لێکردوون روونکردنەوەیەکی بەپەلە لەوبارەیەوە بدەن.
 
هەروەها محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلەی پێکهێنا لەبارەی ئەو پرسە و لێپێچینەوە لەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون لەو هەڵەیەی بڕیاری لیژنەی بلۆککردنی پارەی تیرۆریستان، بەوپێیەی گوایە عێراق تەنیا داوای کردووە موڵک و ماڵی چەند کەس و گرووپێکی سەر بە رێکخراوی داعش و قاعیدە بلۆک بکرێت.