جاسم بەیاتی: یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكوەزیران لە دەسەڵاتی دەعوە دەبێت

رووداو - بەغدا

لەگەڵ =نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە بڕیارە لە 12ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، نەخشەی هاوپەیمانێتییەكان و گۆڕەپانی سیاسیی عێراق زیاتر دەشڵەژێت.

تاوەکو ئێستا 27 هاوپەیمانی لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماركراون. رۆژانە گۆڕانکاری لەنێو هاوپەیمانێتییەکاندا روودەدات؛ هەندێک لایەن دەچنە پاڵ یەکدی و هەندێکی دیکەش جیادەبنەوە.

ئێستا زۆرترین سەرنج لەسەر "هاوپەیمانیی نەسر"ـە بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، كە  هەر زوو دوو بەهێزترین هاوپەیمانەكانی (فەتحولموبینی حەشدی شەعبی و رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم) لێی كشانەوە.

جاسم محەممەد بەیاتی، لە هاوپەیمانیی نەسری عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند "راستە لایەنە گەورەكانی وەك فەتح و حیكمە كشانەوە، بەڵام گەشبینین بە دەنگەكانی سەرۆكوەزیران. ئەو لایەنانەی كشانەوە لە پشكی سەرۆكوەزیرانیان دەبرد و هیچیان پێنەدەدا، هاوپەیمانیی نەسریش زۆرینە دەهێنێت‌".

لەبارەی هۆکاری ئەو گوتەیەی کە دەڵێت، لیستەکەی عەبادی زۆرینە دەهێنێت، بەیاتی دەڵێت "چونکە زۆربەی هاوپەیمانێتییەكان دابەشبوون بەسەر چەند ئاراستەیەكدا، شیعە دابەشبوون بەسەر فەتح، حیكمە، ئیستیقامە و موستەقیلوون-دا، سوننەش بەهەمانشێوە دابەشبوون، تەنانەت برایانی كوردیش دابەشبوونەتە سەر زیاتر لە ئاراستەیەك".

جاسم بەیانی دەشڵێت "یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكوەزیران لە دەسەڵاتی حیزبی دەعوە دەبێت و گۆڕینی كاندیدیش هەر لای خۆی دەبێت".

سوننەكان، كە پێشتر هەموو هەوڵێكیان دواخستنی هەڵبژاردن بوو، دوای  پەسندكردنی پڕۆژەیاسای هەڵبژاردن، خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئامادەدەكەن.

ئەیاد جبووری، پەرلەمانتاری دیاری هاوپەیمانی عێراقییە بە (رووداو)ی گوت "عەبادی بەڵێنیداوە پێش هەڵبژاردن زۆرترین ئاوارە بگەڕێنێتەوە و ناوچەكانیان ئاوەدانبكاتەوە. هیوادارین سەرۆكوەزیران بەڵێنەكانی بباتەسەر، ئەگەرنا هیچ متمانەیەكمان پێینامێنێت، بەڵام ئامادەشین بۆ هەڵبژاردن".

بەشێک لە شڕۆڤەكارانی سیاسی عێراقی پێیانوایە، ئەو هاوپەیمانێتیانەی دروستكراون لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی و دیدی سیاسی یەكگرتوو نین، بەڵكو هاوپەیمانێتی دواساتن و بۆ كۆكردنەوەی دەنگ دروستكراون.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین پارتی سیاسی باشووری کوردستان هەموو بژاردەکان بە کراوە دەزانێت. مەسروور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی چەند رۆژێک پێش ئێستا رایگەیاند، ئامادەن هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو لایەنانە بکەن کە داواکاری و مافەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکەن.