دوای 8 ساڵ لە تەقاندنەوەی، منارەی حەدبا لە مزگەوتی نووری گەورەی موسڵ نۆژەنکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای 8 ساڵ لە تەقاندنەوەی، منارەی حەدبا لە مزگەوتی نووری گەورە لە موسڵ نۆژەنکرایەوە. کارەکە لەلایەن رێکخراوی یونیسکۆ و بە پشتیوانی دارایی ئیمارات بە بڕی 50 ملیۆن دۆلار، ئەنجامدرا. 
 
ئەوانەی لەم ڤیدیۆیە دەردەکەون ریزیان بەستووە، کارمەندانی پڕۆژەکەن و پێشوازی لە ئەزولای، سەرۆکی رێکخراوی یونسیکۆ دەکەن کە تەنیا بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی منارەکە، هاتووەتە موسڵ. 
 
ئۆدری ئەزولای، سەرۆکی رێکخراوی یونیسکۆ لە رێوڕەسمەکەدا گوتی، "ئێمە لێرەین، لە نزیک منارەی حەدبا کە یەکێکە لە بێ وێنەترین منارەکانی وڵاتانی عەرەبی و جیهان بە گشتی. ئێمە ئاگاداری هەموو ئەو وێرانکارییەین کە لێرە روویدا، ئێستاش منارەکە هێمای هیوا و داهاتوویەکی باشترە و بەمزووانە بە فەرمی دەیکەینەوە."
 
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری موسڵ لەوبارەوە رایگەیاند، "ئەمرۆ، وەک دەبینن، منارەی حەدبا وەک جاران بەرز نییە، لەم بەهارەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسەکانی یونیسکۆ و ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی سەردانی ئەم شوێنە دەکات. لەم مزگەوتە بانگ دەدرێت و لە مزگەوتی نووری نوێژ دەکرێت. ناوی نەینەوا بەرز دەبێتەوە وەک جاران."
 
ساخکردنەوەی رۆحی موسڵ، پڕۆژەیەکە کە رێکخراوی یونیسکۆ گرتوویەتییە ئەستۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە دێرینەکانی شارەکە کە دەکەونە بەشی راستی موسڵی کۆن. 
 
لەنێو ئەو شوێنانەی نۆژەنکراونەتەوە، کەنیسەی ساعەی دۆمینیکایە، کە تەمەنی 159 ساڵە و لەسەر هەمان شێوەی پێشووی خۆی نۆژەنکراوەتەوە.
 
ماجد دۆمەنیکی، قەشەیە لە کەنیسەکە و دەڵێت، "ئەم شوێنە مێژووییە زۆر گرنگە، ئێرە شوێنی نوێبوونەوە و پەروەردەکردنە، ئەم شوێنە زۆری پێشکێش بە خەڵکی موسڵ و عێراق کردووە. لەم شوێنە پەیامی خۆمان دەگەیێنین و بەردەوام دەبین. بۆ دومینکان بەردەوام دەبین لە بەرەوپێشبردنی هزری زانستی و رۆشنبیری."
 
مزگەوتی نووری لە سەدەی 12 و پێش 853 ساڵ لەلایەن نورەدین زەنکی دروستکراوە. ئێستا 90٪ـی کاری نۆژەنکردنەوەی تەواو کراوە.