عێراق و ئەمریکا لەبارەی فرۆشتنی دۆلار و چاکسازیی بانکی کۆبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبوونەوە و دۆخی دارایی و فرۆشتنی دۆلاریان تاوتوێ کرد. بەگوێرەی ئەو بانکە، بەرپرسە ئەمریکییەکە پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی سەقامگیریی دارایی و نەختینەیی عێراق دەربڕیوە.
 
پێنجشەممە، 5ی شوباتی 2026، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ جۆشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی بانکی ناوەندیی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە بەهێزکردنی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات کردووە و جەخت لە گرنگیی پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی دارایی و ئابووریی عێراق کراوەتەوە بە شێوەیەک کە لەگەڵ خواستنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عێراق بگونجێت.
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "جۆشوا هاریس جەختی لە پەرۆشیی ئەمریکا کردووەتەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەموو پاڵپشتییەک کە ببێتە هۆی دەستەبەرکردنی سەقامگیری و دوورخستنەوەی عێراق لە هەر هۆکارێک کە ببێتە هۆی تێکدانی دۆخەکە."
 
عەلی عەلاق سوپاسی پاڵپشتیی بەردەوامی ئەمریکای کردووە لە رێگەی وەزارەتی گەنجینە و بانکی یەدەگی فیدراڵی، بەتایبەت لە رێگەی کۆبوونەوەکانی چارەکی ساڵانە.
 
هەروەها پارێزگاری بانکی ناوەندی لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لە پلانی چاکسازیی بانکی و ئەو بەرەوپێشچوونانە کردووە کە لە سەقامگیریی حەواڵەی دەرەکی و رێکخستنی فرۆشتنی دۆلاردا بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەدیهاتوون.
 
بەگوێرەی بانکی ناوەندیی عێراق، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بە شێوەیەک کە بتوانێت ئامانجەکانی بەدیبهێنێت لە بەهێزکردنی سەقامگیریی دارایی و نەختینەیی.