ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: دوو داعشی خۆکووژ لە ئەنبار خۆیان تەقاندەوە

رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دوو ئەندامی داعش کە یەکێکیان بەرپرسیارێتی هەبووە، دوای گەمارۆدانیان لەلایەن هێزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە لە سنووری قەزای قائیمی پارێزگای ئەنبار، خۆیان تەقاندووەتەوە. قایمقامی قائیمیش لە پارێزگاکە دەڵێ، لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا چەند کارمەندێکی ئاسایش بریندار بوون.
 
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی هەینی، 6ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێزەکانی دەزگاکەمان لە پارێزگای ئەنبار، لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی ورد، توانییان حەشارگەیەکی تیرۆریستان گەمارۆ بدەن."
 
بەگوتەی گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لەنێو حەشارگەکەدا "تیرۆریستێک" هەبووە کە لەنێو رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هەبووە، لەگەڵ چەکدارێکی دیکە کە هاوڕێی بووە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە "لە کاتی گەمارۆدانەکەدا و پێش ئەوەی دەستگیربکرێن، هەردوو تیرۆریستەکە خۆیان تەقاندووەتەوە."
 
تورکی مەحلاوی، قائیمقامی قەزای قائیمیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لە گوندی (خەسیم) بووە و هێزێکی تایبەتی ئاسایشی نیشتمانی لە بەغداوە بۆ ئەو مەبەستە چووبوونە ناوچەکە.
 
تورکی مەحلاوی گوتیشی: "لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا چەند ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی بریندار بوون."