وەزارەتی کۆچ: 10 هەزار مامۆستای عێراق بە تەنسیب لە هەرێمی کوردستانن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، نزیکەی 10 هەزار مامۆستای سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە تەنسیب لە هەرێمی کوردستان دەوام دەکەن.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی سێشەممە 6ی ئاداری 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی ئامار و داتای وەزارەتی پەروەردەی عێراق کە پێیاندراوە، نزیکەی 10 هەزار مامۆستای سەر بە وەزارەتی پەروردەی عێراق بە تەنیسب لە نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەوام دەکەن".
عەلی عەباس کە هاوکات بەرپرسی لقەکانە لە وەزارەت دەڵێت، ئەو مامۆستایانە خەڵکی پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار، سەلاحەدین و کەرکووکن، لەکاتێکدا قوتابخانەکانی ناوچە ئازادکراوەکان گرفتارن بەدەست کەمی مامۆستاوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک، کۆتاییە و پێویست بوو دوو ساڵ لەمەوبەر بدرێت، بەڵام ئەوکات بەهۆی کاریگەری پەرلەمانتاران ئەو بڕیارە دواکەوت، کە ئێستا هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە داخستنی کەمپەکان بۆ کۆتایهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان.
13ی شوباتی 2024 وەزارەتی پەروەردەی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی نوێنەرایەتیی وەزارەتەکەی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک کرد و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، 30ی تەمموزی 2024ی دیاریکردووە بۆ داخستنی کەمپەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان؛ بۆیە پاڵپشت بەوە بڕیاریانداوە لەو رۆژەدا نوێنەرایەتیی وەزارەتەکەیان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابخرێت.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوا دەکات لەو کاتەی کە ماوە رێکاری پێویست و بەپەلە بگرنەبەر، تاوەکو لە رۆژی ئاماژەپێکراودا نوێنەرایەتییەکان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابخرێن.
رۆژی 2-1-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئاوارەکان بڕیاریدا، پێداویستیی ئاوارەکانی گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان دابینبکرێت و رۆژی 30ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵیش دوا وادە بێت بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان.
بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران، پەروەردە، تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە پێکبهێندرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، "بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و زەوینەسازی تەواو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، مانگێکی دیکە وادەی داخستنی کەمپەکانمان درێژکردووەتەوە. دەبێت تاوەکو 30ـی تەمموزی ئەم ساڵ سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێن."
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کە بە رووداوی داوە، لە هەرێمی کوردستان 24 کەمپ هەن، کە نزیکەی 35 بۆ 37 هەزار خێزانی ئاوارە لەنێویاندا هەن و ژمارەیان نزیکەی 120 هەزار کەسە.