وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ رووداو: قەرزداری ئێران نین

رووداو دیجیتاڵ 
 
وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، یەک دینار و دۆلاری قەرزی هاوردەکردنی گازی ئێرانیان لەسەر نییە و هەموو پارەکەیان داوە.
 
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی شەممە، 6-4-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی کارەبای عێراق یەک دینار و دۆلاری قەرزی ئێرانی لەسەر نییە، بەڵکو هەموو ئەو پارەیەی کە لەسەری بووە لە بەرامبەر هاوردەکردنی گازی ئەو وڵاتە بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا داویەتی و پارەکە لە بانکی بازرگانیی عێراق(TBI)ـە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، رادەستکردنی ئەو پارەیە بە ئێران پەیوەندی بە وەزارەتی کارەباوە نییە، بەڵکو پێویستە بانکی بازرگانیی عێراق بیدات؛ ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی بکات.
 
رۆژی 22ـی ئاداری 2024، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتن لەگەڵ براین نیلسن، بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆبووەوە و یەکێک لە تەوەرەکان باسکردنی شایستەی دارایی ئێران و چۆنێتی پێدانی ئەو پارەیە بە ئێران بوو کە ئێستا لە بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI)ـە.
 
عێراق قەرزەکانی ئێرانی لە هەژمارێک داناوە لە بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) کە نزیکەی سێ ملیار دۆلارە و بەو مەرجە رێگە بە ئێران دەدرێت ئەو پارەیە بەکاربێنێت کە ئەو کەرەستە و کاڵایەنەی پێ بکڕێت سزاکانی ئەمریکا نایانگرێتەوە.
 
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوتبوو، ئەو پارەیەی ئێران لە فرۆشتنی کارەبا بە عێراق دەستی دەکەوێت، رێگەی پێنادرێت بچێتە نێو ئێرانەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پارەیە لە "هەژماری سنوورداردا هەڵگیراوە و تەنیا دەتوانرێت بۆ مامەڵەی کڕینی خۆراک، دەرمان، ئامێری پزیشکی و بەرهەمی کشتوکاڵی بەکاربهێنرێت."
 
عێراق بە مەبەستی دابینکردنی بەشێکی زۆری کارەباکەی پشت بە ئێران دەبەستێت. رۆژی 14-03-2024 ش ئەمریکا جارێکی دیکە عێراقی لە پابەندبوون بە سزاکانی واشنتن بۆ سەر ئێران بەخشی و رێگە بە بەغدا دەدات کارەبا لە تاران بکڕێت.