دانانی بەڕێوەبەرانی پەروەردە و تەندروستی لە دەست ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نامێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، ئەنجوومەنەکەیان پێش جەژن لەبارەی دابەشکردنی ئەندامانی ئەنجوومەن بەسەر لیژنەکان کۆدەبێتەوە و دواتر گفتوگۆ لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان دەستپێدەکات.
 
محەممەد جاسم کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی شەممە 6ـی نیسانی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە تاوەکو پێش جەژنی رەمەزان، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەبارەی دابەشکردنی ئەندامانی ئەنجوومەن بەسەر لیژنەکان کۆببێتەوە و ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە.
 
محەممەد جاسم کاکەیی دەڵێت، دوای دابەشکردنی ئەندامان بەسەر لیژنەکان، گفتوگۆ لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان و قایمقام و ناحییەکان دەست پێدەکات.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە ئەنجوومەنەکە دەڵێت، لە چەند رۆژی رابردوودا نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیان بەدەست گەیشتووە کە تێیدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەڕێوەبەرانی پەروەردە و تەندروستی لەلایەن وەزیرانی پەروەردە و تەندروستییەوە دادەنرێن، نەوەک ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.
 
محەممەد جاسم کاکەیی گوتی، ئەو بڕیارە وادەکات گفتوگۆ و دانوستاندنەکان بەشێوەیەکی دیکە بن، چونکە ئەو  دوو پۆستە لە دەست لایەنەکان نامێنن و راستەوخۆ ئەو دوو وەزیرە دیارییان دەکەن.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 20 لیژنە پێکهاتووە؛ بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، هەر لیژنەیەک نابێت لە سێ ئەندام کەمتر و لە پێنج ئەندام زیاتر بێت. بڕیارەکانی لیژنەکان بە زۆرینە دەدرێن.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کۆتان (کریستیان، کوردانی ئێزدی و شەبەک). پارتی دیموکراتی کوردستان چوار ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سێ ئەندامیان لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.
 
رۆژی 5ـی شوباتی 2024، لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای نەینەوادا، عەبدولقادر دەخیل بە زۆرینەی دەنگ بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا؛ ئەحمەد حاسوود، بە سەرۆکی ئەنجوومەن و محەممەد جبووری، بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵبژێردران.
 
رۆژی 10ـی شوباتی 2024، سیروان رۆژبەیانی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بە جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرایەوە؛ هەروەها عومەر نامیق مۆڵە لە لیستی ناسنامەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی رەیان کلدانی، بە جێگری دووەمی جێگری پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا.