پارتی و سوننەکان هەوڵی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەدەن

رووداو دیجیتاڵ

پارتی و لایەنە سوننەکان هەوڵدەدەن کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بکەن و ئەو بڕیارانەی پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنەوە لەبارەی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان دراون، هەڵبوەشێننەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش لە ئەنجوومەنەکە ئەم هەوڵە بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" دەزانێت.
 
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ فراکسیۆنەکانی پارتی و نەینەوا (لیئەهیلها)، کە لە 16 ئەندام پێکدێن، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بکەن.
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن، ئەوان واژۆ کۆدەکەنەوە بۆئەوەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن بکرێت و بڕیار لەبارەی "راستکردنەوە"ـی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بدات سەبارەت بە دیاریکردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان.
 
دووبەردانی پێیوایە، دەبێت هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان "رێڕەوی دروست"ی خۆیان وەربگرن، وەکو کردنەوەی دەرگای پاڵاوتن، پێکهێنانی لیژنەیەک لە ئەنجوومەن بۆ وەرگرتنی سیڤییەکان و وردبینی لە بڕوانامەکان، دەستپاکی و لێپرسینەوەی دادپەروەرانە، ئەزموونی کارکردن، پاشان پارێزگار بۆ هەر پۆستێک سێ بەربژێری گونجاو رەوانەی ئەنجوومەن بکات بۆئەوەی یەکێکیان پەسند بکرێت، "بەڵام هیچ کام لەمانە لە کاتی بڕیارەکەی ئەنجوومەندا نەکران و ئەمانە دیاریکراون نەک هەڵبژێردراو."
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان ئاگاداری هەوڵێکی لەو شێوەیەن. بڕیار بوو ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ سەردانی بەغدا بکات و لایەنی بەرامبەر هەوڵیانداوە ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بکەن، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەن سەردانی بەغدای نەکردووە و لە ئەنجوومەنە.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە حیزبەکەی لە گۆڕانکارییەکان سێ پۆستیان بەرکەوتووە (قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنوونێ و وانکێ)، ئەو هەوڵە بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" دەزانێت و دەڵێت: "ئەمە دژی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقە، کە بڕیاری پێویستی لە بارەوە داوە".
 
لە یەکی تەمموزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکی 20 یەکەی کارگێڕیدا کرد، بەڵام هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو و فراکسیۆنی پارتی، بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد و لە دژی گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکان بە زۆرینەی دەنگی هاوپەیمانیی نەینەوای ئایندە کران.
 
پارێزگاری نەینەوا ئامادە نەبوو واژۆ لەسەر ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانە بکات و پێیوابوو بە "نایاسایی" دەرکراون.
 
پارێزگای نەینەوا سکاڵای لە دژی ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا تۆمار کرد و داوای کرد بڕیارەکانی ژمارە 21 بۆ 40ـی کۆبوونەوەی ژمارە 14ـی ئەنجوومەنی پارێزگا بە "نادەستووری" بناسێنرێن، کە تایبەت بوون بە لادان و هەڵبژاردنی ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لە سنووری پارێزگاکە.
 
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای پارێزگاری نەینەوای لە دژی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی ئەو پارێزگایە رەتکردەوە و ئەو بڕیارانەی بە "دروست" زانی.