بازرگانیی عێراق: پێناسە گومرگییەکانی ترەمپ کاریگەری لەسەر ئێمە نابێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایدەگەیێنێت، بڕیارەکەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە زیادکردنی پێناسی گومرگی، کاریگەری ئەوتۆی لەسەر عێراق نابێت. دەشڵێت، حکومەتی عێراق بڕیار و رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتەوە، لێکۆڵینەوەیەکی فراوانی ئامادە کردووە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەمەش بۆ ئەوەی عێراق کاریگەر نەبێت بە هەر بڕیارێکی ئابووری کە ئیدارەی ئەمریکا دەیدات، بەتایبەتی سەبارەت بە سەپاندنی گومرگ.
 
رۆژی دووی نیسان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسی گومرگیی جیاجیای بەسەر وڵاتانی جیهاندا سەپاند. رێژەی پێناسە گومرگییەکە بۆ عێراق 39٪ـیە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، "ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ئەمریکا تاوەکو ئێستا زۆر لاوازە، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی ئەم تەرازووە بەشێوەیەکی باشتر پەرە پێبدات".
 
محەممەد حەنوون لەگەڵ ئەوەی پێیوایە تاوەکو ئێستا بڕیارەکەی ئەمریکا روون نییە، بەڵام یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان. 
 
سەبارەت بە دیارترین ئەو کاڵایانەی لەنێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ دەکرێن، محەممەد حەنوون گوتی، عێراق نەوت هەناردەی ئەمریکا دەکات، لە بەرامبەردا ساڵانە عێراق 200 هەزار تۆن برنج لە ئەمریکا هاوردە دەکات کە چوارەم وڵاتە لە هاوردەکردنی برنج، ئەمە وێڕای هاوردەکردنی کەرەستەی جوانکاری و ئۆتۆمبێل، هەروەها گەنم.
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی عێراق کۆمەڵێک رێکار دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی کاریگەری بۆ سەر هاووڵاتییان و ئابووری عێراق دروست نەکات و لە قۆناخی داهاتووشدا بڕیاری پێویست دەدرێت بۆ کرانەوەی تەواوەتی لەگەڵ ئەمریکا، ئەوەش پاڵپشتە بە رێککەوتنامەی تیڤا کە لەگەڵ ئەمریکا واژۆکراوە.
 
بەگوتەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە کاریگەری گەورەی بۆ سەر عێراق نابێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کاڵایەکی کەم لە ئەمریکا هاوردە دەکات. هەناردەکردنیش بۆ ئەمریکا کەمە. گوتیشی، پێناسی گومرگی نەوت ناگرێتەوە، بەڵام کەرتی ئۆتۆمبێل و مۆبایلی ئایفۆن دەگرێتەوە.
 
پێناسی گومرگی ئەو باجەیە کە هەر کۆمپانیایەک لە ئەمریکا کاڵا هاوردەی وڵاتەکە بکات، پێویستە بیداتە حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا.  بۆ نموونە، کۆمپانیایەک لە چینەوە پێڵاو هاوردەی نێو ئەمریکا دەکات، پێڵاوەکان دەگەنە یەکێک لە دەروازە سنوورییەکان یان بەندەرەکانی ئەمریکا، ئەو کۆمپانیایە پێش ئەوەی پێڵاوەکان بباتە کۆگە و دواتر بیفرۆشێت، لە دەروازە سنوورییەکەوە پێناسە گومرگییەکە دەداتە بەشی گومرگ و پاراستنی سنوور (CBP) لە حکومەتی ئەمریکا.