گومرگی عێراق بۆ رووداو: سیستمی چاودێریی 24 کاژێری بۆ بنکەکانی گومرگ کارا کرا

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی گشتیی گومرگی عێراق سیستمی کارکردنی 24 کاژێری بۆ سەرجەم بنکە گومرگییەکان کارا دەکات. بەڕێوەبەری دەستەکەش دەڵێت، ئامانج لێی بەهێزکردنی چاودێری و وردبینیی کارەکانە.
 
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە 6ـی نیسانی2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سیستمی کارکردن بەدرێژایی 24 کاژێر لە تەواوی رۆژەکانی هەفتە، لە ژووری ئۆپەراسیۆنە گومرگییەکاندا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم بنکە گومرگییەکان دەگرێتەوە"
 
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ روونیکردەوە، ژووری ئۆپەراسیۆنەکان وەک ناوەندێکی پێشکەوتوو بۆ بەڕێوەبردن و بەدواداچوونی ئۆپەراسیۆنە گومرگییەکان بە شێوەیەکی سات بە سات کار دەکات. 
 
گوتیشی: "ئەرکی سەرەکیی ئەم ناوەندە چاودێریی بەردەوام و وردبینیی دەستبەجێی رێکارەکانە، جگە لە کۆکردنەوە و شیکردنەوەی خێرای زانیارییەکان، کە یارمەتیدەر دەبێت لە وریایی و خێرایی لە بڕیارداندا."
 
سەبارەت بە ئامانجی ئەم سیستمە نوێیە، سامر قاسم داود ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی بەرزترین ئاستی وردبینی و شەفافیەت، هەروەها رۆڵی دەبێت لە جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکان و "پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و سەرپێچییەکان."
 
بە گوێرەی دەستەی گومرگەکانی عێراق، کارکردن بە شێوەی 24 کاژێری وەک هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ پەرەپێدانی چاودێری، کە دەبێتە هۆی باشترکردنی جۆری خزمەتگوزارییە گومرگییەکان و کەمکردنەوەی کاتی تەواوکردنی مامەڵەکان.
 
بەڕێوەبەری گشتی جەختی کردەوە کە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان دەبێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ بەستنەوەی سەرجەم بنکە گومرگییەکان پێکەوە، ئەمەش رۆڵی گومرگ لە پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی بەهێزتر دەکات.