17 هەزار کەس لە نەینەوا دادەمەزرێندرێن و هەزاریان بۆ پەروەردەى شنگالە

 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگارى نەینەوا واژۆ لەسەر دامەزراندنى 17 هەزار کەس دەکات بە شێوەى گرێبەست، کە هەزار کەسیان بۆ کەرتى پەروەردەى شنگالە.
 
دامەزراندنى ئەو گرێبەستانە لە 5ى ئایارى 2025 لەلایەن عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا  واژۆ کراوە، ئەمڕۆ دەست بە مامەڵەکان دەکرێت.  
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ى نیسانى 2025، محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە ئەمڕۆوە ئەو 17 هەزار کەسەى واژۆى دامەزراندنیان کراوە، دەتوانن دەست بە مامەڵەکانیان بکەن و سەردانى فەرمانگەکانیان بکەن، ماوەى 10 رۆژ دیاری کراوە بۆ دەستبەکاربوونیان، ئەگەر لەو ماوەیەدا مامەڵەکانیان تەواو نەکەن، کەسانى دیکە لە جێگەیان دادەنرێت."
 
محەممەد کاکەیی گوتی: "لەو 17 هەزار دامەزراندانە، هەزاریان بۆ کەرتى پەروەردەى قەزاى شنگالە، جگە لەوەش نزیکەى دوو هەزارى دیکەش بە گوێرەى ژمارەى دانیشتووانى قەزاکە لە  فەرمانگەکانى دیکە لەو ژمارەیە بەگرێبەست دادەمەزرێنرێن."
 
ئەو دامەزراندنانە، بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى سێ ساڵەى عێراقە، کە 150 هەزار دامەزراندنى بۆ هەموو پارێزگاکان تەرخانکرد.
 
محەممەد کاکەیی گوتى: "ئەو کەسانە بۆ ماوەى سێ ساڵ بە مووچەى 300 هەزار دینار دادەمەزرێندرێن و دواى ئەوە دەکرێنە فەرمانبەرى  هەمیشەیی".
 
ئەو هەزار کەسەى بۆ شنگال دادەمەزرێنرێن وەک وانەبێژن و کەمپى ئاوارەکانیش دەگرێتەوە. لەو 17 هەزار کەسە، هەشت هەزار کەسی بۆ کەرتى پەروەردەى نەینەوایە، هەشت هەزار کەسەکەى دیکەش بۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانە.