وەزارەتی ژینگەی عێراق: بە بارانی دەستکرد رووبەڕووی خۆڵبارین دەبینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، زۆربەی ئەو خۆڵبارینانەی لە عێراق روودەدەن، سەرچاوەکەیان لە دەرەوەی وڵاتە. دەشڵێت، کار لەسەر پڕۆژەی بارانی دەستکرد دەکەن بۆ ژیاندنەوەی زەوییە بە بیابانبووەکان.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی ئایار، لوئەی موختار، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خۆڵبارین دیاردەیەکی سروشتییە، کە بەهۆی ناهاوسەنگیی پەستانی بەرگەهەوا و گۆڕانی پلەی گەرمی خێرایی با زیاد دەبێت و خۆڵبارین روودەدات، زۆرینەی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینانەش کە عێراق بەخۆیەوە دەبینێت، ئەنجامی خۆڵبارینەکانی دەرەوەی سنووری وڵاتە و رووبەڕوومان دەبێتەوە."
 
لوئەی موختار دەڵێت، "ئێمە ساڵانێکە توێژینەوە لەسەر ئەو دیاردەیە دەکەین، هاوئاهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتەکانی دیکەدا هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەبیابانبوون لەو ناوچانەی سنووری وڵات کە سەرچاوەی خۆڵبارینن."
 
لەبارەی گرتنەبەری رێگەچارە لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق گوتی، "کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکەین، کە بارانی دەستکرد لە ناوچانە بەبیابانبووەکاندا بەکاربهێندرێت، بۆ ئەوەی شێ لە خاکەکەیاندا دروست ببێت، ئەوەش وادەکات گژوگیای سروشتی لەو ناوچانە بڕوێت و دواتریش دەتوانرێت داریان تێدا بچێنرێت، بەمەش زەوییەکە پتەو دەبێت و رەشەبا کار لە خۆڵەکەی نەکات."
 
لوئەی موختار نموونەی بە سعودیە هێنایەوە و گوتی، ئێستا سعودیە کار لەسەر دروستکردنی پشتێنێکی سەوز دەکات لە کەنداودا، کە پڕۆژەکە چاندنی ملیۆنان دار لە خۆدەگرێت.
 
شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین رووی لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە دیاریکراوی لە نێوەڕاستى مانگى نیسانەوە رووى لە عێراق کردووە و دوو هەفتەیە تووندتر بووە.
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەمڕۆی دەستەی کەشناسی عێراق، لە رۆژانی داهاتوودا شەپۆلەکە چڕتر دەبێتەوە و پلەکانی گەرماش بەرزتر دەبێتەوە.