عێراق پڕۆژەى 'فەرمانتە' لە فەرمانگەکانی جێبەجێ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتى عێراق پڕۆژەیەک بەناوى "فەرمانتە" جێبەجێ دەکات بۆ وەرگرتنى مامەڵەى هاووڵاتیان لە فەرمانگەکان و بەجێگەیاندنى لە رێگەى ئەلیکترۆنییەوە، بە گوتەى ئەندامێکى لیژنەى خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوەى پەرلەمان، ئەو هەنگاوە بۆ کەمکردنەوەى گەندەڵى و زیادکردنى داهاتە.
بەگوێرەى نووسراوێکى بانکى ناوەندیى عێراق کە ئاڕاستەى کۆمپانیاکانى پارەدانى ئەلیکترۆنى کردووە، دەقى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى پێگەیاندوون لە بارەى ئەو پڕۆژەیە و وردەکارییەکەی.
بڕیارەکە لە 6ى نیسانى لەلایەن نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە دەرکراوە، تێیدا ئەو وەزارەت و دامەزراوانەى دەوڵەتى پابەند کردووە بە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانى خزمەتگوزاریى ئەلیکترۆنى، کە مامەڵەى راستەوخۆیان لەگەڵ هاووڵاتیان هەیە، بەوەى کۆشکێک لە دەرەوەى فەرمانگەکانیان دابنێت بەناوى "فەرمانتە" بۆ راییکردنى مامەڵەى هاووڵاتیان بەشێوەى ئەلیکترۆنى.
مامەڵەى هاووڵاتیان لەو کۆشکە وەردەگیرێت و وادەى سەردانى هاووڵاتییەکە دیاری دەکرێت، ئەو گرێبەستەش کە لەگەڵ کۆمپانیاکە واژۆ دەکرێت، بەگوێرەى رێنماییى گرێبەستەکانى حکومەتى ساڵى 2014 دەکرێت.
سێشەممە 6ى ئایارى 2025 سروە محەممەد، ئەندامى لیژنەى خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هێشتا پڕۆژەکە نەکەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەگوێرەى ئەو رێکارە دواى تەواوبوونى مامەڵەکان لە رێگەى ئەلیکترۆنییەوە هاووڵاتیانى لێ ئاگادار دەکرێتەوە، بەرامبەر بە بڕێک پارە کە دەدرێتە کۆمپانیاکە و بڕیێکى دیکەى پارە بۆ حکومەت دەبێت".
کۆشکى "فەرمانتە" دەبێت کاژێر هەشتى بەیانى تاوەکو 10ى شەو مامەڵەى هاووڵاتیان وەربگرێت، پێویستە لەو شوێنانەبن کە بە ئاسانى هاووڵاتیان پێى بگەن، وەک مۆڵ و باخچەى گشتى.
ئەندامەکەى لیژنەى خزمەتگوزاریى و ئاوەدانکردنەوە ئاماژەى بەوەدا، ئەو پڕۆژەیە بەئامانجى کەمکردنەوەى گەندەڵى و زیادکردنى داهات و رێگرییە لە پێدانی بەرتیل بۆ راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان.