فراکسیۆنی پارتی دەگەڕێتەوە پەرلەمانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا بگەڕێتەوە هۆڵی پەرلەمانی عێراق و دەست بە کار و چالاکییەکانی بکاتەوە.
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بڕیارەکەیان لە دوای دروستبوونی "لێکتێگەیشتنی ئەرێنی" لەنێوان هێزە سیاسییەکان دا هاتووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو لێکتێگەیشتنە بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت و شاندی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان دروستبووە؛ هەروەها سەردانی شاندی دانوستاندنکاری پارتی بۆ بەغدا بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری ریشەیی، هۆکارێکی دیکەی ئەو بڕیارەیە.
فراکسیۆنی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، گەڕانەوەیان بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی یاسایی و نیشتمانییەوەیە، "تاوەکو لە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە لە نزیکەوە چاودێری جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە بکەین کە تایبەتن بە دابینکردنی مافە دەستووری، یاسایی و داراییەکان."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، فراکسیۆنی پارتی دووپاتی دەکاتەوە کە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردن دا دەبن بۆ چەسپاندن و بەدیهێنانی مافە رەواکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و لە نێویشیان دا مافە رەواکانی گەلی کوردستان.
دەقی راگەیێندراوەکەی پارتی:
راگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە
پاڵپشت بەو متمانە نیشتمانییەی گەلەکەمان پێی بەخشیوین، وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ئامادەیی و هەڵوێستە سیاسییەکانمان لە پڕۆسەی یاسادانان و چاودێریدا، ئامرازێک بووە بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی سەرجەم هاوڵاتییانی عێراق و لە نێویشیاندا مافە رەواکانی گەلی کوردستان، هاوكات بۆ چەسپاندنی پایەکانی هاوبەشییر راستەقینە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا.
لێرەوە بە رای گشتی رادەگەیەنین، دوای دروستبوونی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا، بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت و شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی پارتیمان، و لە درێژەی ئەم هەوڵانەشدا سەردانی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری ریشەیی؛ فراکسیۆنەکەمان بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ سەر کار و چالاکییە پەرلەمانییەکانی خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران.
ئەم گەڕانەوەیەمان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی یاسایی و نیشتمانییەوە دێت، تاوەکو لە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە لە نزیکەوە چاودێری جێبەجێکردنی ئەورڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە بکەین کە تایبەتن بە دابینکردنی مافە دەستووری، یاسایی و داراییەکان. هاوكات دووپاتی دەکەینەوە کە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردندا دەبین بۆ چەسپاندن و بەدیهێنانی تەواوی مافە رەواکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و لە نێوانیشیاندا مافە رەواکانی گەلی کوردستان.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق