وەزارەتی دارایی عێراق: 3 تریلیۆن دینار و 333 ملیۆن دۆلارمان بۆ گەنجینە گەڕاندووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، لە ساڵى 2023ـەوە  لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی هەژماری گەنجینەی یەکگرتوو، زیاتر لە سێ تریلیۆن دینار و 333 ملیۆن دۆلاریان بۆ خەزێنەی گشتی گەڕاندووەتەوە.
 
بەگوێرەی ڕاپۆرتی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی سێ ساڵدا 3743 هەژماری بانکییان داخستووە.
 
 گەڕاندنەوەی ئەو پارانە لە رێگەی پڕۆژەى ئەپڵیکەیشنی هەژماری گەنجینەی یەکگرتووەوە بووە کە لە ساڵی 2023ـەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، کە تایبەتە بە چاودێریی هەژمارە بانکییەکان کە بەستراونەتەوە بە بانکی ناوەندییەوە.
 
بەشێک لەو بڕە پارانەی گەڕێنراونەتەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکەی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵی، بەم شێوەیە بوون:
 
159.5 ملیار دینار و 133.8 ملیۆن دۆلار، ئەو هەژمارە جێگیرانەی کە لە ساڵی 2023ـدا ماوەی پێنج ساڵ بەسەرچوونیان تێپەڕبووە
 26.3 ملیار دینار و 198.3 ملیۆن دۆلاری هەژمارە ناچالاکەکانی خەزێنەی گشتی؛ هەروەها 149.2 ملیار دیناری دیکە لەو هەژمارانە گەڕێنراونەتەوە کە سەر بە فەرمانگەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بوون.
 
726.9 ملیار دینار و 458 هەزار دۆلاری گەڕێنراوە، تایبەت بوون بە هەژمارە بانکییەکانی تایبەت بە مووچە لە ساڵی 2024ـدا؛ بڕی پارەی گەڕێنراوەی هەمان هەژمار بۆ ساڵی 2025 گەیشتووەتە 299.6 ملیۆن دینار و 459.7 هەزار دۆلار.
 
لە ساڵی 2025 ئەو بڕە پارەیەی کە تایبەت بوون بە هەژمارە بانکییەکانی بەگەڕخستن و گەڕێنراونەتەوە، 293.8 ملیار دینار بووە.
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، تێکڕای ئەو پارانەی هەژمار کراون کە گەڕێنراونەتەوە، بریتی بوون لە 3.6 تریلیۆن دینار و 333.1 ملیۆن دۆلار.