گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق: شیعە 13، سوننە 5 و کورد 4 وەزارەتیان بەردەکەوێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان دەڵێ، شیعە 13 وەزارەت، سوننە 5 وەزارەت و کوردیش 4 وەزارەتیان بەردەکەوێت. بەرپرسێکی سوننەکانیش دەڵێت، پشکی سوننە 6 وەزارەتە، نەک 5 وەزارەت.
عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئایاری 2026 لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، پۆستە وەزارییەکان بەگوێرەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان دابەش دەکرێن.
دیفاعی گوتی: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەو پێیەی 189 کورسی هەیە، 13 وەزارەتی بەردەکەوێ. سوننەکان بە 76 کورسی، پێنج وەزارەت و کوردیش چوار پۆستی وەزارییان بەردەکەوێ و پۆستێکی وەزارییش بۆ کەمینەکانە."
سەبارەت بە پشکی کورد، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی دوایین گفتوگۆکان، پۆستەکانی وەزارەتی "دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، داد و ژینگە بۆ کورد دەبن، بەڵام هێشتا بەشێوەی 100٪ یەکلایی نەبووەتەوە".
رەوتی هەڵوێست، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری پێکەوە 10 کورسیان هەیە و هەوڵدەدەن پێکەوە پۆستێکی وەزاریی وەربگرن. لەوبارەوە عەلی دیفاعی گوتی، "لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی، ئەگەر کورسیەکانیان بەشێوەیەک بوو وکەشایستەی پۆستێکی وەزاریی بوو، دەتوانن پۆستی وەزاریی وەربگرن. ئەمە بەهەمان شێوە بۆ لایەنەکانی دەرەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەنجوومەنی سیاسی نیشمانی سوننەکانیش هەر راستە".
دیفاعی باسی لەوەش کرد، وەزارەتەکان بۆ سێ ئاست (ئەلف، با، جیم) دابەش کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی وەزارەتە سیادییەکان نەکراوە، بەتایبەتی وەزارەتی پلاندانان کە سوننەکان داوای دەکەن .
لەلایەکی دیکەوە، حەیدەر ئەسەدی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕائی، ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، پشکی سوننە لە حکومەتدا شەش پۆستی وەزارییە. ئەسەدی گوتیشی، "پشکی هاوپەیمانیی عەزم وەزارەتێکی سیادییە لەگەڵ یەکێک لە وەزارەتەکانی دیکە کە بریتین لە بازرگانی، پلاندانان، پیشەسازی یان رۆشنبیری."
بەگوتەی حەیدەر ئەسەدی، دابەشکردنی پۆستەکان کە هێشتا کۆتایی نییە، بەم شێوەیە دەبێت:
هاوپەیمانیی عەزم: پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و دوو وەزارەت (ئەگەری زۆرە یەکێکیان پلاندانان بێت).
پارتی تەقەدووم: وەزارەتی پیشەسازی.
هاوپەیمانیی حەسم و جەماوەر: وەزارەتی بەرگری.
هاوپەیمانیی سەروەری: وەزارەتی بازرگانی.
سەبارەت بە پێشنیازی دانانی سێ جێگر بۆ سەرۆکوەزیران (بۆ کاروباری وزە، ئابووری و خزمەتگوزاری)، ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی دژی ئەو بیرۆکەیەیە و پێی وایە بارگرانیی دارایی بۆ حکومەت دروست دەکات، لەکاتێکدا پێویستە پەیکەری حکومەت رێکخراو و پوخت بێت.