عێراق کێڵگەیەکی نەوت لە نزیک سنووری سعودیە دەدۆزێتەوە؛ یەدەگەکەی بە 8 ملیار بەرمیل دەخەمڵێندرێت


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە نزیک سنووری سعودیە راگەیاند، کە یەدەگەکەی بە زیاتر لە هەشت ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵێندرێ.
 
وردەکاریی دۆزینەوەی ئەو کێڵگەیەى نەوت لە کۆبوونەوەیەکی نێوان حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لەگەڵ شاندێکی کۆمپانیای زینوای چینی رۆژی چوارشەممە 6ی ئایاری 2026 باسکرا.
 
کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی پەرەپێدانی کێڵگەی قەرنەین بووە کە لە سنووری پارێزگای نەجەف و لەسەر سنووری سعودیەیە و لە گەڕی پێنجەمی گرێبەستەکانی نەوت دراوەتە کۆمپانیای زینوای چینی.
 
بەگوێرەی وەزارەتی نەوتی عێراق، کنە و پشکنینی کۆمپانیاکە گەیشتووەتە ئەوەی کە ئەو کێڵگەیە یەدەگەکەی 8.8 ملیار بەرمیل نەوتە و تواناى بەرهەمهێنانى ئێستاى رۆژانە 3248 بەرمیلە و جۆری نەوتەکەی سووکە.
 
رووبەری کێڵگەی قەرنەین 8773 کیلۆمەترە، گرێبەستی دۆزینەوە و پەرەپێدانی کێڵگەکە لە 17ی تشرینی یەکەمی 2024 واژۆ کراوە، کۆمپانیای نۆرس پترۆلیۆم ئینتەرناشناڵ کە سەر بە کۆمپانیای زینوای چینییە، ئەرکی پەرەپێدانی کێڵگەکەی پێ سپێردراوە.
 
لە 10ی کانوونی دووەمی 2026 دەستکراوە بە هەڵکەندنی بیرێکی کێڵگەی قەرنەین، لە 24ی مانگی شوباتی رابردوودا یەدەگی ئەو کێڵگەیە خەمڵێنراوە.