بۆ یەکەمجار باری بازرگانی لە دەروازەی وەلیدەوە گەیشتە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار دوو باری بازرگانی لە سووریاوە و لە رێگەی دەروازەی وەلیدەوە، دەربازی سنووری عێراق بوون، بەگوتەى بەڕێوەبەرى دەستەى گشتیى گومرگ ئەوە ئاماژەیە بۆ کاراکردنى بازرگانى هەرێمى.
چوارشەممە 6ی ئایاری 2026، سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، دوو بارهەڵگر بۆ یەکەمجار لە رێگەی سووریاوە و بە دەروازەی سنووریی وەلید دەربازی سنووری عێراق بوون.
لە 31ی ئاداری 2026 لە دوای 11 ساڵ، دەروازەی سنووریی وەلید لە سنووری پارێزگای ئەنبار لەگەڵ سنووری سووریا کرایەوە، عێراق لەو رێگەیەوە هەناردەی نەوتی رەشی بۆ بەندەری بانیاسی سووریا دەستپێکرد.
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق رایگەیاند گەیشتنی ئەو دوو بارهەڵگرە بازرگانییە لە رێگەی دەروازەی وەلیدەوە ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکیی بازرگانی و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و سووریا و هەوڵێکە بۆ کاراکردنی بازرگانیی هەرێمی.
ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی داعش دەروازەی وەلید داخرا، کە لە دیوی سووریا بە تەنەف ناسراوە.
سامر قاسم رایگەیاند، بنکەکانی گومرگ لەو دەروازە سنوورییە دەستیان کردووە بە رێکارەکان بەگوێرەی رێساکان و رێکارەکان، لەپێناو ئەوەی کە مامەڵەکان بەخێرایی جێبەجێ بکرێن و لە هەمان کاتدا چاودێری و رێکخستنی ئەو جووڵەیە پارێزگاری لێ بکرێت.